قوتابیە سێ یەکەمەکانی ئیدارەی ڕاپەڕین: دژی ئابڕووچوونەکەی زانکۆی ڕاپەڕینین

نوێنەری قوتابیانی سێ یەکەمەکانی زانکۆ لە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین ڕایگەیاند "دژی ئەو ئابڕووچوونەین کە لە زانکۆی ڕاپەڕین ڕووی داوە."
دەرباز ئەحمەد، نوێنەری قوتابیانی سێ یەکەمەکانی زانکۆ لە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: "ئێمە وەکو دەرچووە سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگە حکوومەیەکانی هەرێمی کوردستان، داواکاریی خۆمان دەخەینە ڕوو بۆ ئەو ئابڕووچوونەی کە لەزانکۆی ڕاپەڕین و زانکۆکانی دیکەی کوردستان ڕووی داوە، ئەویش بە گرێبەستکردنی کەسانێکە کە هیچ ڕۆژێک نە لە زانکۆ نە لە پەیمانگە وانەبێژ نەبوون."
گوتیشی: "ئێمە وەکو سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگە حکوومەتییەکانی کوردستان، کە لەساڵی 2017 بۆ 2018 و 2023 بۆ 2024، دانەمەزراوین؛ نیگەران و پەستین، لەوەی لە زانکۆی ڕاپەڕین کۆمەڵێک کەس کە بە هیچ شێوەیەک فەرمانی وانەبێژیان نییە، لە وەزارەتی خوێندنی باڵا، بە ناشایستەیی و خزم خزمێنە هەوڵی دامەزراندنیان دراوە." ئاماژەی بەوەش دا "ئێمە وەکو سێ یەکەمەکان بەرەنگاری ئەو گەندەڵییە دەبینەوە و بەهەموو شێوەیەک ئەو کارە ڕەتدەکەینەوە، داواکاریشن بە زووترین کات کەسانی ناشایستە دوور بخرێنەوە و فەرمانەکەیان هەڵبوەشیننەوە."
دەرباز ئەحمەد، باسی لەوەش کرد"ئەو شوێنە مافی سێ یەکەمەکانە و ئەگەر پرۆسەکە سەر بگرێت، ئەوە خودی زانکۆکان بەرپرسی گەورەن لەو کارەدا، هەروەها داوکاریشین لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆسەی دامەزراندنی سێ یەکەمەکان جێ بەجێ بکات."