سوودانی بەشداریی لە لووتکەی عەرەبیی ئیسلامی دەکات

سەرۆک وەزیرانی عێراق بانگهێشتنامەیەکی فەرمی لە شای سعوودیە پێ دەگات بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی عەرەبیی ئیسلامی.

یەکشەممە، 3ـی تشرینی دووەمی 2024، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند "محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بانگهێشتی فەرمی لە شا سەلمان بن عەبدولعەزیز ئال سعوود، بۆ بەشداریی لە لووتکەی عەرەبیی ئیسلامی سەبارەت بە پێشهاتەکانی دۆخی غەززە و لوبنان، وەرگرت."

ڕاشیگەیاند "بانگهێشتنامەکە لەلایەن باڵیۆزی شانشینی سعوودییە لە بەغدا، گەیەندراوەتە سوودانی، بۆ بەشداریی لە لووتکەی عەرەبی- ئیسلامی، لە ڕیاز میوانداریی دەکرێت، تایبەت بە پێشهاتەکانی دۆخی غەززە و لوبنان و بەردەوامبوونی دەستدرێژی ئیسرائیل."

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "لە میانی دیدارەکەدا هەردوولا تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و ڕێگاکانی پەرەپێدانیان لە بوارە جیاجیاکانی سیاسی و ئابووریدا کرد."

هەروەها هەردوولا جەختیان لەسەر "هەماهەنگی هەڵوێستەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی ئێستە کردەوە، بە شێوەیەک کە سوودی هەردوو گەل بەدەست بهێنێت."

 

کارنامەی لووتکەی عەرەبیی ئیسلامی کە لە ڕیاز بەڕێوە دەچێت، بریتین لە؛


-  شکاندنی گەمارۆی سەر غەززە و ڕێگەدان بە دەربازبوونی کاروانی یارمەتی مرۆیی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و نێودەوڵەتی بۆ نێو غەززە.
- داوا لە هەموو وڵاتەکان دەکات هەناردەی چەک و تەقەمەنی بۆ ئیسرائیل ڕابگرن.
- لووتکەی هاوبەشی عەرەبیی ئیسلامی سەرکۆنەی دوژمنکاریی ئیسرائیل و ئەو تاوانە جەنگی و کۆمەڵکوژییە دڕندانە و نامرۆڤانەیە دەکات، کە حکوومەتی داگیرکار دەیان کات.
-  ناوبردنی ئەم جەنگە بە بەرگری لە خۆکردن و ڕەوایەتیپێدانی بە هەر پاساوێک، ڕەت دەکاتەوە. 
- داوا لە ئەنجوومەنی ئاساییشیی نێودەوڵەتی دەکات، بڕیارێکی یەکلاکەرەوە و پابەندکەر بدات بۆ وەستاندنی دوژمنکارییەکە و ڕێگریی لە دەسەڵاتی داگیرکار کە یاسای نێودەوڵەتی، یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی و بڕیارە ڕەوا نێودەوڵەتییەکانی پێشێل كردووە.
- هەر بیرۆکەیەکی جیاکردنەوەی کەرتی ڕۆژئاوا، لەنێویدا قودسی ڕۆژهەڵات، ڕەت دەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە لەوەی هەر مامەڵەیەک لە داهاتوودا لەگەڵ غەززە بکرێت، پێویستە لە چوارچێوەی چارەیەکی گشتگیردا بێت، بەجۆرێک زامنی یەکگرتوویی یەک پارچەیی غەززە و کەرتی ڕۆژئاوای وەک خاکی وڵاتی فەڵەستین بکات، کە پێویستە وڵاتێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری بێت و پایتەختەکەی قودسی ڕۆژهەڵات بێت، لەسەر بنەمای سنوورەکانی 4ـی حوەزیرانی 1967.
- داوا دەکات بە زووترین کات کۆنفرانسێکی ئاشتیی نێودەوڵەتی ببەسترێت.