زانیاری نەبیستراو لەسەر یەحیا سینوار بڵاو دەبێتەوە

"یەحیا سینوار پێش کوژرانی نامەی بۆ خانەوادەکەی ناردووە"

 

زانیاریی باوەڕپێکراو لە چەندین سەرچاوەی ناو بزووتنەوە حەماس بە ڕۆژنامەی 'شەرقولئەوسەت'یان ڕاگەیاندووە "ئیسرائیل لانیکەم پێنج جار نزیک بووەتەوە لە دەستگیرکردنی سەرۆکی بزووتنەوەکە، یەحیا سینوار، پێش ئەوەی بە ڕێکەوت لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی ئاساییدا لە گەڕەکی تەل سوڵتان لە شاری ڕەفەح بکوژرێت."

سەرچاوەکان وێنەیەکی وردی جموجۆڵەکانی یەحیا سینوار و ئەو کەسانەیان کێشاوە کە هاوەڵی بوون، لە شەڕی کەرتی غەززە، کە زیاتر لە ساڵێکە بەردەوامە، هەروەها ئەوەش ئاشکرا بووە کە سینوار پەیامێکی بۆ بنەماڵەکەی ناردووە سەبارەت بە وردەکارییەکانی کوژرانی برازاکەی "ئیبراهیم محەممەد سینوار" کە لەگەڵ خۆی بووە، هەروەها شوێنی ناشتنەکەشی لە پەیامەکەیدا باس کردووە، بەڵام پەیامەکە دوای دوو ڕۆژ لە کوشتنی یەحیا گەیشتووەتە بنەماڵەکەی.

لە میانی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی کە هێزەکانی ئیسرائیل لەناو خان ​​یونس کردیان، لە مانگی یەکی ئەمساڵدا، مەزەندە دەکرا کە سینوار لە یەکێک لە تونێلەکاندا خۆی حەشار دابێت.

دوای ئەوەی ئەم هێزانە چوونەتە ناو ژمارەیەک تونێل لە خان یونس، لە ڕاستیدا تۆمارگەلێکیان لە کامێرای ناوەوەی دۆزیەوە کە تێیدا دەرکەوت  چەند کاتژمێرێک پێش هێرشەکەی 7 ئۆکتۆبەر، سینوار هەندێک کەلوپەل دەگوازێتەوە بۆ ناو تونێلێک.

سەرچاوەکان باسیان لەوە کرد "ئیسرائیل نەیتوانییوە، لە ناو تونێلەکانی خان یونسدا دەستی بە سینوار بگات، هەر لەگەڵ فراوانبوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئیسرائیل، سینوار ناچاربوو شوێنێکی سەلامەت بۆ ژن و منداڵەکانی دابین بکات."

سەرچاوەکان دەشڵێن: "هاوسەر و منداڵەکانی سینوار باشن، هەروەها مانگێک یان مانگ و نیوێک لانیکەم جارێک نامەی نووسراویان لەلایەن سینوارەوە پێ گەیشتووە."

سەرچاوەکان دەڵێن: "لەگەڵ چڕبوونەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەناو خان ​​یونس، سینوار هەر لەوێ ماوەتەوە، چەند جارێکیش لە محەممەدی برای جیابووەتەوە."

یەحیا سینوار لەکاتی برینداربوونی

 

سەرچاوەکان یەکێک لەو نهێنییانە ئاشکرا دەکەن تەنها چەند کەسێک دەیزانن لەو ساتانەی کە هێزەکانی ئیسرائیل دەیان مەتر لە ماڵێکەوە دوور بوون کە سینوار لە بلۆکی "جی" لە خان یونس بەتەنیا لەناو ماڵێکدا بووە، تەنیا پاسەوانەکەی لەگەڵدا بووە.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە "سینوار ئامادەکاریی بۆ ئەگەری هێرشکردنە سەر ئەو ماڵە کردبوو، ئەگەر بێت و  هێزەکانی ئیسرائیل هێرشی بکەنە سەر، بەڵام جووڵەی چەکدارانی حەماس لە ماڵێکەوە بۆ ماڵێکی دیکە و ڕووخاندنی دیوارەکان بە ئامانجی شەڕی کۆڵان بە کۆڵان لەگەڵ ئیسرائیل، سینواری لەناو ماڵەکەدا ئاشکرا کردووە."

ڕاشیانگەیاند "دواتر چەکدارانی حەماس، سینواریان گواستەوە بۆ ماڵێک کە یەک کیلۆمەتر لەو شوێنەوە دوور بوو."

سەرچاوەکان گوتیان: "سینوار، لە ژێر فشاری براکەی، محەممەد و ڕافع سەلامە و چەکدارانی حەماس بوو کە دەیانگووت دەبێت،خان یونس بەجێبهێڵێت و بەرەو ڕەفەح بڕوات، ئاماژە بەوە دەکەن کە لەو ساتەدا هێزەکانی ئیسرائیل نزیکەی تەواوەتی خان یونسیان کۆنترۆڵ کردبوو بەڵام سینوار لە ڕێگەی جووڵەی سەرزەوی و ژێر زەویەوە بە  سەلامەتی گواسترایەوە بۆ شاری ڕەفەح."

سەرچاوەکان ئاشکرای دەکەن "ئەو کەسەی بەدرێژایی شەڕەکە یەحیا سینواری بەجێ نەهێشتووە، ئیبراهیم محەممەد سینوار بووە، واتە کوڕی محەممەدی برای بووە کە سەرکردەیەکی دیاری قەسامە."

ئیبراهیم، لە هێرشێکی ئیسرائیلیدا کوژرا، کاتێک لە تونێلێکەوە دەرچووە بۆ دەستنیشانکردنی جموجۆڵەکانی هێزەکانی ئیسرائیل،  سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە یەحیا سینوار نامەیەکی بۆ بنەماڵەی براکەی ناردووە کە تێیدا "بارودۆخی کوشتنی ئیبراهیم ڕوون دەکاتەوە، هەروەها نووسیویەتی کە برازاکەی لە تونێلێکی ژێر زەویدا نێژراوە، ئاماژەی بە شوێنەکەی کردووە و خۆشی نویژی لەسەر کردووە."

پێنجشەممە، 17-10-2024، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند "یەحیا سینوار، لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە کەرتی غەززەدا کوژراوە، هاوکات کەناڵی 13ـی ئیسرائیلیش ئاشکرای کرد، سینوار لە ناوچەی تەل سوڵتان لە ڕەفەح کوژراوە."