ئه‌مه‌ریكا ڕێگری له‌ نیشتنه‌وه‌ی فڕۆكه‌ی هاوکارییەکانی عێراق بۆ لوبنان ده‌كات

دۆخی لوبنان ناله‌باره و عێراق هه‌وڵی گواستنه‌وه‌ی هاوکاریی مرۆیی ده‌دات بۆ ئه‌و وڵاته‌، لە لایەکی دیکەوە ئه‌مه‌ریكا له ‌رێگه‌ی باڵیۆزخانه‌كه‌یه‌وه‌ له‌ به‌یروت ڕێگربوو له‌ گه‌یاندنی هاوكاری مرۆیی به‌ ڕێگه‌ی ئاسمانی بۆ ئه‌و وڵاته‌ و داوای كردووه‌ به‌ر له‌ گه‌یاندنی هه‌ر هاوکارییەکی مرۆیی له‌ به‌غداوه‌ پێویسته‌ پێشتر پشكنینی بۆ بكرێت.

له‌ سه‌روبه‌ندی پشێوییه‌كانی لوبناندا و هێرشه‌كانی ئیسرائیل، عێراق یه‌كێك بووه‌ له‌ پێشه‌نگترین ئه‌و وڵاتانه‌ی هاوکاریی مرۆیی پێشكه‌ش به‌و وڵاته‌ كردووه‌، چ له‌ ڕێگه‌ی ئاسمانییه‌وه‌ بێت یان له‌ ڕێگه‌ی زه‌مینییه‌وه و تاوه‌كو ئێستاش نزیكه‌ی 500 تۆن هاوکاریی مرۆیی گه‌یاندووه‌ته‌ لوبنان. 

له‌ دوایین پێشهاتیشدا، ئه‌مه‌ریكا ڕێگه‌ی به‌ هاوکاری و فریاگوزارییه‌ مرۆییه‌كان نه‌داوه‌ له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و پرده‌ ئاسمانییه‌ی له‌ نێوان به‌غدا و به‌یروتدا دروست كراوه‌ له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی به‌یروت بنیشێته‌وه‌.

به‌گوێره‌ی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامه‌ی كره‌یدڵی ئه‌مه‌ریكی، باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ به‌یروت ڕێگری له‌ نیشتنه‌وه‌ی فڕۆكه‌یه‌كی هێڵی ئاسمانی عێراقی كردووه‌ له‌ به‌یروتی پایته‌ختی لوبنان بنیشێته‌وه‌ كه‌ هاوکارییە‌ مرۆییه‌كانی بۆ لێقه‌وماوان هه‌ڵگرتبوو. 

هه‌روه‌ها باڵیۆزخانه‌كه‌ مه‌رجی بۆ ئه‌و هێڵه‌ داناوه‌ و له‌ مه‌رجه‌كه‌شدا هاتووه‌ پێویسته‌ هه‌ر فڕۆكه‌یه‌ك بابه‌تێكی له‌و جۆره‌ بهینێت بۆ لوبنان بۆ لێقه‌وماوان و ئاواره‌كانی جه‌نگی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنانی پێویسته‌ پێشوه‌خته‌ پشكنینی بۆ بكرێت و خاڵی پشكنینه‌كه‌ش وڵاتی ئوردن ده‌بێت. ئه‌مه‌ش بۆ ڕێگریكردنه‌ له‌ گه‌یشتنی هه‌ر هاوکارییەکی مرۆیی و سه‌ربازی بۆ‌ ده‌ستی چه‌كدارانی حزبوڵڵای لوبنانی. 

میدیا لوبنانییه‌كانیش ڕایانگه‌یاند، واشنتن چه‌ند جارێك هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ هێڵی میدڵ ئیستی لوبنانی كردووه‌ سزای به‌سه‌ردا بسه‌پێنێت له ‌ئه‌گه‌ری به‌كارهێنانی بۆ گواستنه‌وه‌ی بریندارانی هێرشه‌كه‌ی ئیسرائیل كه‌ له‌ ڕێگه‌ی ته‌قینه‌وه‌ی ئامێره‌كانی په‌یجه‌ر له‌و وڵاته‌دا كه‌وتنه‌وه‌. 

ده‌شڵێن: باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا چاودێرییه‌كی توندی گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كانی هاتوو و ڕۆشتووی لوبنان ده‌كات و ڕۆژانه‌ لیستی ناوی گشت ئه‌و كه‌سانه‌ی پێده‌گات له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی به‌یروته‌وه‌ له ‌ڕێگه‌ی ئاژانسی گواستنه‌وه‌ی ئاسمانی جیهانییه‌وه‌ گه‌شت ده‌كه‌ن.