دیمتری مێدڤێدڤ: ئەگەر ترامپ ببێتە سەرۆکی ئەمەریکا ناتوانێت شەڕی ئۆکرانیا ڕابگرێت

دیمتری مێدڤێدڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕووسیا
دیمتری مێدڤێدڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕووسیا

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕووسیا ڕایگەیاند: دۆناڵد ترامپ گەر هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکاش بباتەوە ناتوانێت شەڕی ئۆکرانیا ڕابگرێت.

دیمتری مێدڤێدڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕووسیا لە پۆستێکدا لە تێلیگرام ئاماژەی بەوە داوە، ترامپ ناتوانێت شەڕی ئۆکرانیا ڕابگرێت، بەڵام گەر وابکات ڕەنگە رووبەڕووی هەوڵی تیرۆرکردن ببێتەوە چونکە کەسانێک هەن دەیانەوێت درێژە بەم شەڕە بدەن.

مێدڤێدڤ گووتیشی؛ کۆمارییەکان و دیموکراتەکان لەسەر ئەوە کۆکن شکست بە ڕووسیا بهێنن، هەر بۆیە گەر ترامپ هەوڵی ڕاگرتنی شەڕ بدات ڕەنگە تیرۆری بکەن.

لە شوباتی 2022، ڕووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا، دەیان هەزار ئۆکرانی کوژران و ئاوارەبوون، هەروەها بەشێكی زۆریان بە زۆرەملێ گواسترانەوە بۆ خاکی ڕووسیا، نزیکەی یەک لەسەر پێنجی خاکی ئۆکرانیاش لەلایەن ڕووسیاوە داگیر کراوە.