کامالا هاریس: هەندێ لایەن هەن دەیانەوێت پەرتەوازەمان بکەن
کامالا هاریس، کاندیدی دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمەریکا دەڵێت: لایەن هەیە دەیەوێت پەرتەوازەیی دروست بکا و ئاژاوە بڵاو بکاتەوە.
یەکشەممە 3ـی تشرینی دووەمی 2024، کامالا هاریس، کاندیدی دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە گوتارێکیدا بەرامبەر پشتیوانەکانی لە مشیگان گوتی: دەزانین لایەن هەیە دەیەوێت پەرتەوازەیی دروست بکا و ئاژاوە لە ئەمەریکا بڵاو بکاتەوە، سەرباری ترس و دڵەڕاوکێ، دەشڵێت: ئەم ساتە لە مێژووماندا دەبێت زیاتر بێت لە پرسی حزبایەتی سیاسی، هەموومان دەرفەتی ئەوەمان هەیە جیاوازی دروست بکەین.
هاریس گوتی: لەم کاتەدا ڕووبەڕووی پرسیارێکی ڕاستەقینە دەبینەوە، ئەویش ئەوەیە دەمانەوێت لە چ وڵاتێک بژین، ئایا دەمانەوێت لە وڵاتێکی پڕ لە ئاژاوە و ترس بژین، یاخود وڵاتێکی خاوەن سەروەری و یەکسان و لێبووردە و پڕ لە دادپەروەری و خۆشەویستی، گوتیشی: دەتوانین هەموومان وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەینەوە.
هاریس لە گوتارەکەی گوتی: دەرفەتمان پێ بدەن هێزی خۆمان بەکاربێنین بۆ گەشەسەندن و پێشکەوتن، بۆ ئەوەی یەکسانی و دادوەری هەبێت، لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەینەوە و وەرزێکی نوێ لە مێژوومان دەست پێ بکەین.
کامالا ئاماژەی بەوە کرد کە لە دوو ڕۆژی داهاتوودا تاقیکردنەوەیەک دەکەن ڕێگاکەی ئاسان نابێت.