ئیسرائیل ئامادەکاریی بۆ کۆتاییهێنان بەشەڕی لوبنان دەکات

ژمارەیەک سەربازی ئیسرائیل، لەبەرەی باکووری لوبنان
ژمارەیەک سەربازی ئیسرائیل، لەبەرەی باکووری لوبنان

کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە "ئیسرائیل ئامادەکاریی دەکات بۆ ئەوەی لە ماوەی دووهەفتەدا کۆتایی بەشەڕی لوبنان بهێنێت" 

بەرپرسێکی ئیسرائیلی بە کەناڵەکەی ڕاگەیاند "ئەگەری هەیە لە ماوەی 10 تاوەکوو 14 ڕۆژ، لەسەر بەرەی باکوور بگەینە ڕێککەوتن."

ئەمەش لەکاتێکدایە، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی یەکشەممە لەکاتی گەشتێکیدا بۆ سنوورەکانی لوبنان، بەڵێنی دا "ئاسایش بگەڕێنێتەوە باکوور، چ بەڕێککەوتن بێت یان بەبێ ڕێککەوتن." 

ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەش کرد "ڕاوەدونانی حزبوڵڵا بۆ پشتی ڕووباری لیتانی کارێکی زۆر گرنگە بۆ گەڕانەوەی دانیشتووان"، جەختی کردەوە "پابەند دەبێت بە بڕینی هاوکاریی حزبوڵلا  لەلایەن ئێرانەوە لە ڕێگەی سووریاوە."
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدا هاتۆتە ئاراوە کە زۆرێک لە وێنەکانی مانگی دەستکردی ئەم دواییە بەتایبەتی لە شارۆچکەکانی ڕامییە، عیتا ئەلشەعب، بلێدا، حیبیب و 7 گوندی دیکە، ئەوە نیشان دەدەن کە هێزەکانی ئیسرائیل بە دوای سەپاندنی سیناریۆیەکی هاوشێوەی کەرتی غەززەن.

ئاژانسی ئەسۆشێیتد پرێس بڵاوی کردووەتەوە "ئەم وێنانە و کۆمەڵێک زانیاری کە لەلایەن شارەزایانی نەخشەسازییەوە کۆکراونەتەوە، وێرانکارییەکانی 11 گوندی تەنیشت سنووری نێوان ئەو دوو وڵاتەیان نیشان داوە."

هەروەها ژمارەیەک لە شارەزایان دووپاتیان کردووەتەوە "ڕەنگە ئیسرائیل ئامانجی دروستکردنی ناوچەیەکی پاراستن بێت کە دوور بێت لە دانیشتووان، ئەمەش ستراتیجێکە کە پێشتر بەدرێژایی سنوورەکانی لەگەڵ غەززە جێبەجێی کردووە."