سێ سەرۆک شارەوانی کورد دوور خرانەوە و قەیوم لە شوێنیان دانرا
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بڕیاری دا بە دوورخستنەوەی سەرۆکی شارەوانییەکانی مێردین، باتمان و خەلفەتی و دانانی قەیومی لە شوێنەکانیان؛ هاوکات بۆ 10 هەموو جۆرە چالاکییەکی مەدەنیش قەدەغە کرا.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، ئەحمەد تورک "سەرۆکی شارەوانیی مێردین بەهۆی ئەو سزایەی بۆ دەکراوە لەسەر دۆسیەی کۆبانێ کە 10 ساڵ زیندانیکردنە، لە ئەرکەکەی دوورخراوەتەوە و تونجای ئاککۆیون، پارێزگاری مێردین بە وەکالەت، سەرۆکی شارەوانیی بە قەیوم بەڕێوە دەبات."
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە "گوڵستان سۆنۆک، سەرۆکی شارەوانی باتمانیش لە ئەرکەکەی دوور خراوەتەوە و ئەکرەم جاناڵپ، پارێزگاری باتمان بە وەکالەت لە پاڵ ئەرکەکانی پارێزگار، بە قەیوم سەرۆکایەتیی شارەوانیش بەڕێوە دەبات."
هەروەها هاکان باشئۆغڵو، قایمقامی شاری خەلفەتی لەلایەن پارێزگاری ڕەحا، بە قەیوم لە شوێنی محەممەد قەرەیڵان، بە سەرۆکی شارەوانی خەلفەتی دانراوە."
دوا بەدوای ئەو بڕیارەش. بۆ ڕێگری لە دروستبوونی خوپیشاندانی فراوانی جەماوەری، هەردوو پارێزگای مێردین و باتمان بڕیاریاندا بۆ 10 ڕۆژ هەموو جۆرە چالاکی و خۆپیشاندان لەسەرتاسەری هەردوو پارێزگاکە قەدەغە بکرێت.
ئەم هەنگاوەی لادانی سەرۆک شارەوانییە کوردەکان لە پۆست و ئەرکەکانیان لە کاتێکدایە لە تورکیا پرۆسەیەکی نوێی ئاشتی دەستی پێکردووە، بە مەبەستی کۆتایی هێنان بە شەڕی چەکداری لە نێوان حکوومەتی و پەکەکە و باڵە چەکدارییەکانی دیکەی پەکەکە.
هەر لەمبارەوە سەرۆکی تورکیا، رەجەب تەیب ئەدوغان لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوو لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەندامانی پارتی داد و گەشەپێدان لە پەرلەمانی تورکیا پەیامێک لە بارەی پرۆسەی ئاشتی لە وڵاتەکەی ڕاگەیاند و جەختی لە گرنگیی و گەشەپێدانی بەرەی ناوخۆی تورکیا و بەهێزکردنی برایەتیی نێوان کورد و تورک کردەوە.
ڕاشیگەیاند، هەوڵ بۆ دووبارە داڕشتنەوەی سنووری ئاسایش و سنووری تورکیا دەکەنەوە، لە هەمانکاتدا برایەتی تورک و کورد دەپارێزن، چونکە کۆماری تورکیا، کۆماری تورک و کورد لەگەڵ ئەوانەی لەو وڵاتەدا دەژین؛ هەربۆیە حکوومەتی تورکیا پێداگرە لە ڕیشەکێشکردنی تیرۆر .