ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی سیخوڕێکی لە ناوجەرگەی سووریا ڕاگەیاند
ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکانی ئیسرائیل وردەکارییەکانی دەستگیرکردنی عەلی سلێمان ئەلعاسی لە سووریا ئاشکرا دەکەن، کە ئیسرائیل دەڵێت سیخوڕیی بۆ ئێران دەکرد.
سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "پلانەکانی 'تۆڕێکی سیخوڕی ئێرانی'یان هەڵوەشاندووەتەوە، کە هەوڵی هێرشکردنیان دەدا، دوای ئەوەی یەکێک لە ئەندامەکانی لەم دوایانەدا لە سووریا دەستگیرکراو گواسترایەوە بۆ ئیسرائیل."
سوپای ئیسرائیل گوتی: "لە میانەی ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگریی تایبەتدا لە سووریا، کە بەو دواییانە جێبەجێ کراوە، سەربازەکان ئەندامێکی تۆڕێکی سیخوڕیی ئێرانیان لە سووریا دەستگیر کرد، بەبێ ئەوەی ڕۆژ و شوێنی دەستگیرکردنەکەی دیاری بکەن."
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە "تۆمەتبارەکە کەسێکی سووریاییە بە ناوی عەلی سلێمان ئەلعاسی و نیشتەجێی باشووری ئەو وڵاتە بووە."
سوپای ئیسرائیل، ئاماژەی بەوەش کرد "چالاکییەکانی ئەلعاسی بریتی بوون لە کۆکردنەوەی زانیاری دەربارەی هێزەکانی سوپای ئیسرائیل لە ناوچە سنوورییەکان، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ چالاکییەکانی داهاتوو لەلایەن تۆڕەکەوە."
هەر لەبەیاننامەکەی سوپادا هاتووە "ئەم ئۆپەراسیۆنە بووەتە هۆی پێشگرتن لە هێرش و ئاشکراکردنی شێوازی ئۆپەراسیۆنی تۆڕە سیخوڕییەکەی ئێران، کە لە نزیک بەرزاییەکانی جۆلان جێگیر بوون."
بەڵام بە گوێرەی ڕۆژنامەی یەدیعوت ئەحرۆنۆتی ئیسرائیلی "ئەلعاسی لە شاری قونەیترە دەستگیرکراوە کە پارێزگایەکی هاوسنوورە لەگەڵ بەرزاییەکانی جۆلانی سووریا کە لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیرکراوە، دواتر گواستراوەتەوە ئیسرائیل و لەوێ لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت."
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ "ئۆپەراسیۆنەکە لە 19ـی تەمووزدا لەلایەن تیمێکی یەکەی "ئیگۆز"ـێ ئیسرائیلییەوە کراوە، کە چەند مانگێک لەمەوبەر هەڵمەتێکی نهێنی شەوانەیان بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونی ئەلعاسی کردووە، لەکاتێکدا خێزانەکەشی لە باڵەخانەکەدا بوون."