حزبوڵلا هێرشی کردە سەر بنکەی ئاسمانیی سەربازیی "میرۆن"ـی ئیسرائیل

حزبوڵلای لوبنان، لە بەیاننامەیەکدا بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 4ـی تشرینی دووەمی 2024، ڕایگەیاند " هێرشی کردووەتە سەر بنکەی کۆنترۆڵی ئاسمانیی میرۆنی سوپای ئیسرائیل و ژمارەیەک شوێنی نیشتەجێبوون لە باکووری ئیسرائیل."

لە بەیاننامەکەی حزبوڵلای لوبنان هاتووە  "بە مووشەک، هێرشیان کردووەتە سەر شارۆچکەکانی “ئییلیت هشاحر، حتسور، دلتون."

لە لایەکی دیکەشەوە حزبوڵلا ئاماژەی داوە  "بە مووشەک، یەکەی کۆنترۆڵی ئاسمانیی لە بنکەی میرۆنی لەناو بردووە."

ئەمە لە کاتێکدایە سەرچاوە لوبنانییەکان ڕایانگەیاندووە "سەرجەم هێزەکانی ئیسرائیل لە گەڕەکەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری شاری خام لە باشووری لوبنان کشاونەتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەو پێکدادانە توندەی چەند ڕۆژی ڕابردوو لە نێوان حزبوڵلا و سوپای ئیسرائیلدا ڕوویان داوە."

ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ هەوڵە نێودەوڵەتییە بەردەوامەکان بۆ سەرخستنی دانوستانەکان و ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە بەرەی لوبنان.