محەمەد حەسان: لەگەڵ سیستانی ڕێککەوتم کار بۆ بە هێزکردنی پێگەی عێراق بکەین
نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لەگەڵ عەلی سیستانی لەسەر کۆمەڵێک دۆسیە گفتوگۆی کرد
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای کرد "دووشەممە، 4-11-2024، محەممەد حەسان، نوێنەری تایبەتیی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، گەیشتە پارێزگای نەجەف بۆ دیدار لەگەڵ عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان."
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: "لە کاتێکی زۆر هەستیاردا کە پەرەسەندنی هەڕەشە و گرژییە ئەمنییەکان، لە ناوچەکە و لە عێراق زیادیان کردووە، نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، محەممەد حەسان و شاندی یاوەری گەیشتنە شاری نەجەف بۆ ئەوەی لەگەڵ عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شێعەکان کۆببنەوە."
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد "بڕیارە حەسان، گفتوگۆ لەسەر چەندین دۆسیە و بابەتی هەنووکەیی لەگەڵ سیستانی بکات و هەڵوێستی سیستانی لەسەر بابەتەکان بزانێت، جگە لە ئاگادارکردنەوەی لە گرنگترین ئەو بابەتانەی کە نوێنەرایەتیی نێودەوڵەتی سەرنجی لەسەرە، تاوەکو هەوڵی چارەکردنیان بدرێت."
محەمەد حەسان، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق گوتی: "خۆشحاڵ بووم چاوم بە سەید سیستانی کەوت، هەروەها من گوێم لە حیکمەتی سەید سیستانی و دیدگاکانی بۆ ناوچەکە و عێراق گرت و لەگەڵ سیستانی ڕێککەوتم کە بە هاوبەشی کاربکەین بۆ بەهێزکردنی پێگەی عێراق." ئاماژەی بەوەش کرد "دووپاتمان کردەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیی عێراق، هەروەها سیستانی داوای لێم کرد ئەولەویەتەکان لە بەرژەوەندیی عێراق جێبەجێ بکەم، سیستانی پێشبینی دەکات عێراق پەیوەندییەکانی لەگەڵ دراوسێکانی بەهێزتر بکات و ئێمە پابەندین بە پشتگیریی ئەولەویەتەکانی عێراق و دەستوەردان ناکەین تەنها بە ڕاوێژ نەبێت."
لەدوای ڕووداوەکانی 7ـی ئۆکتۆبەر، گرووپە چەکدارەکانی عێراق کە بە بەرەی مقاوەمە خۆیان ناساندووە، دەیان هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل، کە ئەمەش بووەتە هۆی دروستکردنی مەترسی و ئاڵۆزی لەسەر عێراق، چونکە ئیسرائیل هەڕەشە لەهەر کەس و لایەنێک دەکات کە هێرشیان بکاتە سەر، هەروەها چەندین جار هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە لەو گرووپانە دەکات.
لەوبارەوە، ڕۆژی یەکشەممە، 3-11-2024، حەیدەر لامی، ئەندامی دەستەی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی نوجەبای بە ڕۆژنامەی ئەخباری لوبنان گوتووە: "ڕژێمی ئیسرائیل ئەو کاتەی هێرشی کردە سەر ئێران، ئاسمانی عێراقی بەزاند و پێشێلی یاسا نێودەوڵەتییەکانی کردووە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی عێراق و ئەمەریکا ڕێککەوتنێکی ئەمنییان هەیە، بەڵام واشنتن لەو هێرشەی سەر ئێران هاوکاری ئیسرائیلی کردووە."
لامی دەڵێت: "کۆماری ئیسلامیی ئێران مافی خۆیەتی لە هەر خاڵ و ناوچەیەکی عێراقەوە هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل و ئامانجەکانی بپێکێت."
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەرپرسێکی سوپای ئەمەریکا بە ئاژانسی ئەسیۆشێیتد پرێسی ڕاگەیاندووە و هۆشداریی لە زیادبوونی هێرشی گرووپە میلیشیاکانی عێراق بۆ سەر ئیسرائیل داوە و بەدووریشی نازانێت ئیسرائیل وەڵامێکی توند و ڕاستەوخۆی ئەو گرووپانە بداتەوە.
هەروا ئاماژەی داوە "مقاوەمەی ئیسلامی عێراق بەشێکە لە میحوەری مقاوەمە کە ئێران ڕابەڕایەتی دەکات، هەربۆیە بزووتنەوەی نوجەبا هەموو ئامادەکاریی و هەماهەنگییەکی لەگەڵ ئێران کردووە بۆ ئەوەی لە کات و شوێنی گونجاو وەڵامی ئیسرائیل بدەنەوە."
سەرکردەکەی نوجەبا ڕاشیگەیاندووە، "هەڕەشەکانی ئیسرائیل، بەرەی مقاوەمەی عێراق ناترسێنێت، هەربۆیە هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل ڕاناگرن و بە درۆنە پێشکەوتووەکان ناوچە هەستیارەکانی ئیسرائیل دەپێکن."