عەلی حەمە ساڵح: با یەکێتی وەڵامی مووچەخۆران بداتەوە

دووشەممە، 4ـی تشرینی دووەمی 2024، عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێست، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تایبەت بە خۆی  نووسیویەتی "یەکێتی پێش هەڵبژاردن فۆرمێکی  بە مووچەخۆران پڕکردەوە و گوتی: لە بانکی TBI موچە توتين دەکەین، ئێستە ئەو بانکە هاتوەتە نێو (هەژماری من) ! چی لەو فۆرمانە دەکەن! ئایا ئەمە تەنیا بانگەشە بوو!"

عەلی حەمە ساڵح دەشڵێت: "ئەو کات کە گوتم هیچ هەنگاوێکی کرداری بۆ (توتين) نییە! پەلامار دەدراین، فەرموون پلانی کرداری بە موچەخۆران بڵێن."

هەڵمەتێکی چەواشەکاریی لە دژی پڕۆژەی هەژماری من دەستی پێ کردووە و چەند لایەنێک لە پێناو دەستکەوتی حزبی و کەسی، دەیانەوێت لە پڕۆژەکە بدەن.  دژایەتیکاران، جارێک بە ناوی دادگەی فیدراڵی و جارێک بە ناوی بانکی ناوەندی هەوڵی کەمکردنەوەی بایەخی پرۆژەکە دەدن، لە کاتێکدا هەردوو لایەن بە فەرمیی جەختیان لە یاساییبوونی پڕۆژەکە کردووەتەوە. سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە سەرەتای راگەیاندنی پرۆژەکە بەڵێنی بەردەوامی دا و ئێستاش پرۆژەکە ڕۆژ بە ڕۆژ لە فراوانبوون دایە.

هەر لە دەستپێکی هەڵمەتی لێدان و چەواشەکردنی هاووڵاتییان لەبارەی پرۆژەی هەژماری من، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، هۆکاری دژایەتییەکەی بۆ دووشت گەڕاندنەوە، نەبوونی شارەزایی و مەرامی شەخسی. 

بەم دواییە هەڵمەتێکی دیکە لە دژی پرۆژەکە دەستی پێ کردووەتەوە، بەڵام دوای ئەو هەموو هەوڵەی تیمی هەژماریی من  پێ دەچێت ئەم جارە مەرامەکان زیاتر ڕوویان لە بەرژەوەندیی حزبی و شەخسی بێت نەوەک نەبوونی شارەزای.

دژایەتیکاران جارێک بە ناوی دادگەی فیدراڵی و جارێک بە ناوی حکوومەتی عێراق هەوڵی لێدان لە پرۆژەکە دەدەن، لە کاتێکدا هەردوو لایەن دانیان بە یاسایی بوونی پرۆژەکەدا ناوە. 

دادگای فیدراڵی لە وەڵامی نووسراوێکی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، ڕەزامەندیی لەسەر پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە بانکەکانی (هەژماری من) دا. جاسم محەممەد عەببوود، سەرۆکی دادگای فیدراڵی لە نووسراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە بە پێی بڕیاری دادگای فیدرالی، پرۆسەی بە بانکیکردن هەموو بانکە حکوومییەکان و هەموو ئەو بانکانە دەگرێتەوە کە لە لایەن بانکیی ناوەندیی عێراقەوە ڕەزامەندییان لەسەر دراوە.

نووسراوەکەی دادگای فیدراڵی، ئاماژە بە لیستێکی هاوپێچی بانکی ناوەندیی عێراق دەکات کە ناوی 66 بانکی تێدایە کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان کار دەکەن، بەو بانکانەشەوە کە لە پرۆژەی ( هەژماری من) بەشدارن.

بانکی ناوەندیی عێراقیش کە دەسەڵاتی یەکەمی جووڵەی دراو و بانکەکانە، بە شێوازی خۆی جەختی لەهەمان خاڵی دادگەی فیدراڵییەوە کردووەتەوە، پێشتر بەرپرسی ڕاگەیاندی ئەو بانکە لە هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، لە بانکی ناوەندی چ پرۆژەی "تەوتین" بێت یان "هەژماری من" هەردووکیان یەک پرۆژەن و ئامانج لە هەژماری من و تەوتین، بە ئەلیکترۆنیکردنی مووچەیە.

پڕۆژەی هەژماری من بەردەوامە و سەرۆک وەزیران لە سەرەتای ڕاگەیاندنی پرۆژەکە جەختی لەوە کردەوە، بەردەوام دەبین و ئەم خزمەتگوازرییە بە هەموو خەڵک دەگەیەنین.

ڕۆژی دووشەممە 28ـی تشرینی یەکەمی 2024، دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ئیمزای دکتۆر ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانەکە لەبارەی ڕێگریی کردن لە پرۆژەی هەژماری من بڕیارێکی بڵاو کردووەتەوە و دەڵێت: پشت بەستن بە پەسەندکردنی ئەنجوومەنی وەزیران پرۆژەی( هەژماری من)، پرۆژەیەکی گشتگیری و بەردەوامە، لەسەر فەرمانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانە. کە وەزارەتی دارایی و ئابووری تاکە لایەنی تایبەتمەندە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە دیاریی کردنی شێوازی دابەشکردنی مووچە، کاری پێویست ئەنجام بدات بە وەرگرتنی ڕێکاریی یاسایی و کارگێڕی بەرامبەر بە بەڕێوەبەری ئەو بانکانەی کە ڕێگریی دەکەن لە کارمەندانی(هەژماری من) بۆ ڕایی کردنی کارەکانیان، یان هەر بەرپرسێکی دیکەی حکوومی، پشتبەستن بە هەردوو ماددەی(4) و (5) لە یاسای بەرزەفتکردنی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتی ژمارە(14)ـی ساڵی 1991.

هەروەها وەزارەتی ناوخۆ ڕێکاری پێویست ئەنجامبدات بەپێی حوکمەکانی یاسای سزاکانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ژمارە(14)ـی ساڵی 2008، بە لێپرسینەوە و سزادانی ئەفسەران و کارمەندانی پۆلیس کە ڕێگریی دەکەن لە کارمەندانی(هەژماری من) بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانیان.

لەگەڵ ئەوەش دا، وەزارەتی داد-سەرۆکایەتی داواکاریی گشتی ڕێکاری پێویست ئەنجام بدات بەپێی حومکمەکانی یاسای داواکاری گشتی ژمارە(159)ـی ساڵی 1975ـی هەمووار کراو و بەپشتبەستن بەهەردوو ماددەی(231) و (240) لە یاسای سزاکان ژمارە (111)ـی ساڵی 1969، بە جووڵاندنی داوای سزای یاسایی بەرامبەر ئەو کەس و لایەنانەی کە ڕێگریی دەکەن لە کارمەندانی(هەژماری من) بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانیان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی بە هاووڵاتییان لەلایەن حکوومەتەوە.

دوێنێ یەکشەممە 3ـی تشرینی دووەمی 2024، بانکی  عێراقی بۆ بازرگانی ڕایگەیاند: گرێبەستێکیان لەگەڵ پرۆژەی هەژماری من ئیمزا کردووە تایبەت بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لەنێوان بانکی  عێراقی بۆ بازرگانی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمەش بەپێی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، بە پشتبەستن بە ڕاسپاردەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی، دەربارەی گرنگیی بەشداریی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی لە پرسی پرۆژەی هەژماری من و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.