مامۆستایەکی زانکۆی جۆرج واشنتۆن: کامالا هاریس دەرچێت، هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەکشێنێتەوە
مامۆستایەکی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی جۆرج واشنتۆن ڕایگەیاند "ئەگەر کاندیدی دیموکراتەکان، کامالا هاریس، لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەکشێنێتەوە."
ڕیچارد چازدی. مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی جۆرج واشنتۆن بە کەناڵی ئەلحوڕەی ڕاگەیاند "هاریس پاڵپشتیی عێراق دەکات سەبارەت بە لابردنی سزاکانی سەر دابینکردنی وزەی ئێران بۆ عێراق."
چازدی ئاماژەی بەوەش کرد "کاندیدی دیموکراتەکان سەرنجی لەسەر پرسەکانی سپیکردنەوەی پارە و دارایی تیرۆریستان دەبێت، هەروەها بنکەیەکی ئاسمانی ئەمەریکی دەپارێزێت بۆ پشتیوانیی لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش لە سووریا."
ئەمەریکا نزیکەی 2500 سەرباز لە عێراق و نزیکەی 900 سەربازیشی لە سووریا جێگیر کردووە، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو هاوپەیمانیەیە کە لە ساڵی 2014 بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش دایمەزراندووە.
لە ڕاپۆرتێکی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە "هێشتا سێ بۆ پێنج هەزار چەکداری داعش لە عێراق و سووریادا ماون."
بریارە سبەینێ 5-11-2024، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بەرێوە بچێت، کە هەردوو کاندیدی کۆمارییەکان، دۆناڵد ترامپ و دیموکراتەکان، کامالا هاریس کیبڕکێ لەسەر بردنەوەی پۆەستەکە بکەن.