دەزگای میدیایی بوار: بەرپرسێکی سەربازیی یەکێتی رۆژنامەنووسێکی ئێمەی بریندار کردووە
دەزگای میدیایی بوار ڕایدەگەیەنێت: بەرپرسێکی سەربازیی یەکێتی، وریا عەبدولخالقی ڕۆژنامەنووسی دیاری بوار بە سەختی بریندار دەکات.
دووشەممە 4ـی تشرینی دووەمی 2024، دەزگای میدیایی بوار لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کردووە، دوای ئەوەی وریا عەبدولخالق ڕۆژنامەنووسی دیاری دەزگای میدیایی بوارو هەرێمی کوردستان لە سایتی بوار هەواڵێکی لەسەر ڕێگری ئەفسەرێکی یەکێتی نیشتیمانی بڵاوکردەوە کە بووەتە هۆی ڕێگری لە جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاریی لە گوندی قەشقەی سەر بەناحیەی قادر کەرەمی قەزای چەمچەماڵ، چەند پاسەوانێکی ئەو ئەفسەرەی یەکێتی بەشێوەیەکی مافیاگەرانەو دڕندانە پەلەماری ڕۆژنامەنوس وریا عەبدولخالق دەدەن و بە سەختی برینداری دەکەن.
دەزگاکە دەڵێت: ئەو پەلەمارە مافیاییەی ئەو ئەفسەرەی یەکێتی لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی حکوومی و حیزبی لەناوچەکە چەند جارێک لەسەر هەڕەشەکانی ئەو بەرپرسە سەربازییە ئاگادارکراونەتەوە، بەڵام ئەمڕۆ بەشێوەیەکی دڕندانەو دوور لە عورف و کلتوری کوردی، بەناوی ئەوەی کە سەردانی ئەو ڕۆژنامەنووسە دەکەن و داوای لێبوردنی لێدەکەن، کاتێک ئەو پاسەوانانەی ئەو بەرپرسەی یەکێتی دەگەن بۆ لای ڕۆژنامەنوس وریا عەبدولخالق بە چەقۆ و دەمانچە هێرش دەکەنە سەری و بە سەختی برینداری دەکەن.
دەڵێت: ئێمە لەدەزگای میدیایی بوار، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و جێگری سەرۆکی حکوومەت لەسەر هێڵین تا ئیجرائات بەرامبەر ئەو ئەفسەرە بکرێت، ژیان و سەلامەتی ڕۆژنامەنوس وریا عەبدولخالق دەخەینە ئەستۆی لایەنە پەیوەندیدارەکان و ئەو ئەفسەرەی ئەو تاوانەی ئەنجامداوە، ئەندامی یەکێتی نیتشیمانی کوردستانە و ناوی ”تەحسین تەها محەمەد”ەو بە پلەی عەقید لە فیرقەی دووی هێزەکانی پێشمەرگە دەوام دەکات.
دەزگای میدیایی بوار دەڵێت: لێرەوە داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە جیهانییەکانی تایبەت بە ئازادی ڕادەربرین و ڕێکخراو و سەندیکاکانی تایبەت بە داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان و کونسوڵ و نێردەی وڵاتانی جیهانی دەکەین لە هەرێمی کوردستان کە، هاوکارمان بن لە بە سزاگەیاندنی ئەو تاوانبارانەی کە ناو و ناسنامەیان ئاشکرایەو پێشێلکردنێکی ئاشکرای یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووەو هەوڵی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسێکی دیاری کوردستانیان داوە.