وەزیری ناوخۆی عێراق لە ئێرانە؛ دەگوترێت پەیامێکی تایبەتی سوودانی بردووە

عه‌بدولئه‌میر شه‌مه‌ری، وه‌زیری ناوخۆی عێراق
عه‌بدولئه‌میر شه‌مه‌ری، وه‌زیری ناوخۆی عێراق

وه‌زیری ناوخۆی عێراق سه‌ردانی ئێران ده‌كات، به‌ پێی ڕاگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌ته‌كه‌ سه‌ردانەکە پتر بۆ پرسی زانستی و ئه‌كادیمیای پۆلیسه‌؛ هاوكات به‌شێك له‌ مێدیا جیهانییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن، ناوبراو په‌یامێكی تایبه‌تی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی بۆ به‌رپرسانی وڵاته‌كه‌ بردووه‌.

دووشه‌ممه‌، 4ـی تشرینی دووه‌می 2024، وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاوی كرده‌وه‌، عه‌بدولئه‌میر شه‌مه‌ری، وه‌زیری ناوخۆ به‌ یاوه‌ری شاندێك سه‌ردانی ئێرانی كردووه‌ و له‌ په‌راوێزی سه‌ردانه‌كه‌یدا به‌شداری له‌ ئاهه‌نگی ده‌ستپێكردنی وه‌رزی نوێی خوێندنی له‌ زانكۆی "ئه‌مین"ـی پۆلیسی كردووه‌.

وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق ڕوونی كردووه‌ته‌وه‌، 68 قوتابی عێراق له‌ پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی هێزه‌كانی ناوخۆدا به‌شداری له‌ وه‌رزی خوێندنی ئه‌م ساڵی زانكۆكه‌ ده‌كه‌ن. ده‌شڵێت، 124 كورسی بۆ قوتابیانی عێراقی دانراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بڕوانامه‌ی ماسته‌ر له‌ زانسته‌ ئه‌منییه‌كان به‌ ده‌ست بهێنن.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ چه‌ند مێدیا و ئاژانسێكی هه‌واڵ سه‌رنجیان بۆ ئه‌وه‌ ڕاكێشاوه‌، شه‌مه‌ری له‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ تاران، په‌یامێكی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌گه‌ڵ خۆیدا بۆ به‌رپرسانی وڵاته‌كه‌ بردووه‌.

به‌ پێی مێدیا و ئاژانسه‌كانی هه‌واڵ، سوودانی له‌ په‌یامه‌كه‌یدا بۆ به‌رپرسانی ئێران، داوای كردووه‌ "عێراق له‌ ململانێكانی ئیسرائیل له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌ك له‌ بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌ڵه‌ستینی و حزبوڵلای لوبنانی نه‌گلێندرێت."

مێدیا و ئاژانسه‌كانی هه‌واڵ تێبینی ئه‌وه‌یان كردووه‌، ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق "ناڕوونی" تێدایه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك ئه‌ركی سه‌ره‌كی وه‌زیری ناوخۆی له‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا نه‌خستووه‌ته‌ ڕوو، له‌ كاتێكدا عێراق ترسی له‌وه‌ هه‌یه‌ ئیسرائیل هێرش بكاته‌ سه‌ر گرووپه‌ چه‌كداره‌كان به‌تایبه‌تی دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ده‌نگۆی ئه‌وه‌ی ئێران نیازی وایه‌ خاكی عێراق و گرووپه‌ میلیشیاكان بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر ئیسرائیل به‌ كار بهێنێت.

له‌ سه‌رێكی دیكه‌وه‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی عێراقی هێمایان بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، سه‌ركرده‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی به‌ وردی چاودێری پێشهاته‌كان ده‌كه‌ن و ڕۆژانه‌ بۆ تاوتوێكردنی هه‌نگاوه‌كان بۆ دوورخستنه‌وه‌ی عێراق له‌ ململانێكان، كۆ ده‌بنه‌وه‌.