سوپای ئەمەریکا: زیاتر لە 30 سەرکردەی داعشمان لەناوبردووە

سێشەممە، 5ـی تشرینی دووەمی 2024، سوپای ئەمەریکا ڕایگەیاند "لە 29ـی ئابەوە، زیاتر لە 30 سەرکردەی داعشمان لە عێراق و سووریا لەناوبردووە، ئەمەش لە چوارچێوەی زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنەکاندا کە مەبەست لێی لاوازکردنی ڕێکخراوەکە بووە لە ناوچەکەدا."

سوپای ئەمەریکا ڕاشیگەیاند "ئەو ئۆپەراسیۆنانەی لە کۆتایی مانگی ئابەوە کراون، بووەتە هۆی لە ناوبردنی 163 تیرۆرست و دەستگیرکردنی 33 تیرۆرستی دیکە، لە کۆی 60 ئۆپەراسیۆنی دژ بە داعش لە عێراق و سووریا."

ڕۆژی چوارشەممە 30ـی تشرینی یەکەمی 2024، فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم)، لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئاشکرای کرد "لەم هەفتەیەدا 35 ئەندامی ڕێکخراوی داعش لە بیابانەکانی سووریا لەلایەن هێزەکانمان بە ئامانج گیراون."

ئاماژەی بەوەش دا "هێزەکانمان هێرشیان کردووەتە سەر چەندین پێگەی داعش لە بیابانەکانی سووریا  و زۆرێک لە سەرکردە باڵاکانی داعش کوژراون."

هەروەها لە هەمان ڕۆژ، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، دۆزینەوەی تەرمی 8 ئەندامی سەرکردایەتیی داعشی ڕاگەیاند، ئەمەش دوای ئەوەی بە فڕۆکەی ئێف 16ـی عێراقی لە پارێزگای کەرکووک هێرشیان کرایە سەر.