عێراق و سعوودیە ڕێککەوتنێکی سەربازییان مۆر کرد
لەمەودوا سەربازە بریندارەکانی عێراق لە سعوودیە تیمار دەکرێن
وەزیری بەرگری عێراق بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای ئەمنی حکوومەتی عێراق فیدراڵ، لە سعوودیە ڕێککەوتنێکی سەربازیی ئیمزا کردووە، کە بەشێکی ڕێککەوتنەکە تایبەت بە خول و مەشقی سەربازیی لە نێوان هەردوو سوپای عێراق و سعوودیە.
وەزارەتی بەرگری لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە "سابت محەممەد سەعید عەباسی لە چوارچێوەی هەماهەنگییە هەرێمییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵا سەردانی شانشینی عەرەبی سعوودیەی کردووە و لەگەڵ شازادە خالد بن سەلمان، وەزیری بەرگریی سعوودیە کۆبوونەتەوە و جیا لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات، لەسەر چەند پرسێکی دیکەش بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کردوو، بە تایبەت گۆڕانکاریی و پێشهاتە هەنووکەییەکانی ناوچەکە، دۆخی ئاسایشی هەرێمی."
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگری هاتووە "وەزیرانی بەرگریی عێراق و سعوودیە جەختیان لەسەر گرنگی هەوڵەکانی هێورکردنەوەی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووەتەوە، هاوکات گفتوگۆیان لەسەر میکانیزمێکی تایبەت بە مەشقی هاوبەشی نێوان هێزەکانی عێراق و هێزەکانی سعوودیە کردووە."
سەبارەت بە ڕێککەوتنی هەردوو وەزارەتی بەرگریی عێراق و سعوودیە، لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "ڕێککەوتنەکە جگە لە مەشق و ڕاهێنانی هاوبەشی سەربازیی نێوان هەردوو سوپا، لەسەر ئەوەش ڕێککەوتوون کە بریندارانی سوپای عێراق بە مەبەستی تیمار و چارەکردن ڕەوانەی سعوودیە بکرێن."