ڕووداوێکی هاتوچۆ پێنج قوربانی لێ کەوتەوە

لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا لەسەر  ڕێگای کەلارـ خانەقین کرێکارێك گیانی سپارد و چوار کرێکاری دیکەش بریندار بوون.

سەرچاوەیەکی ئەمنی لە سنووری پارێزگای دیالە بە کوردستان24ی ڕاگەیاند "بەرەبەیانی ئەمڕۆ، سێشەممە 5ی تشرینی دووەمی 2024، بەهۆی نالەباری کەشوهەوا و تەمومژی چڕەوە لە نزیک  بازگەی کەپان نزیک گوندی سەوزبڵاغ لە باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری خانەقین، لەسەر ڕێگەی کەلار - خانەقین، ڕووداوێکی هاتوچۆ لە نێوان ماتوڕسکیلێک و بارهەڵگرێکدا بووە، بەهۆیەوە شۆفێری ماتۆڕەکە مردووە و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون، کە سەرجەمیان کرێکارن."

سەرچاوەکە ئاماژەشی داوە "دوای ڕووداوەکە، شۆفێری بارهەڵگرەکە دەستگیر کراوە و ڕەوانەی بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە دەکرێت."