مامۆستایانی خوێندنی پەروەردەی کەرکووک مووچە لە هەژماری من وەردەگرن
مامۆستایان ئاگادار دەکرێنەوە دەبێت بە زووترین کات فۆڕمی هەژماری من لە TBI پڕبکەنەوە
بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک ڕایگەیاند، مامۆستایانی خوێندنی پەروەردەی کەرکووک، دەبێت بە زووترین کات فۆڕمی هەژماری من لە بانکی (TBI) پڕبکەنەوە.
سێشەممە، 5ـی تشرینی دووەمی 2024، کامەران عەلی، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک، ئاگاداری سەرجەم سەرپەرشتانی پەروەردەیی و بەڕێوەبەران و مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنی کوردی دەکاتەوە کە لەلایەن وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پەروەردەوە پێیان ڕاگەیاندوون "دەبێت هەموو مووچە خۆرانی خوێندنی کوردی فۆرمی هەژماری من پڕ بکەنەوە و مووچەخۆرانی خوێندنی کوردی لە بانکەکانی (TBI) مووچەکانیان وەردەگرن."
دەشڵێت: "دەبێت بەڕێوەبەری قوتابخانە میلاکی قوتابخانەکەی ئاگادار بکاتەوە و کۆتا ڕۆژ بۆ وەرگرتنی فۆرمی هەژماری من ڕۆژی سێشەممە، 2024.11.12 وە بەڕێوەبەری قوتابخانە بەرپرسە لە هەر دواکەوتنێک."
هەروەها دەشڵێت: "ئاگادارتان دەکەینەوە هەر کەسێک فۆرمی هەژماری من پڕ نەکاتەوە خودی مووچەخۆرەکە بەرپرسیار دەبێت لە ئەگەری هەر گۆڕانێک لە مووچە وەرگرتندا. بانکی (TBI) تەرخان کراوە بۆ مووچەخۆرانی خوێندنی کوردی لەبەر ئەوەی چی تر مووچەخۆرانمان تووشی ڕووداوی هاتووچۆ نەبن لە ڕێگای چەمچەماڵ."
گوتیشی: " لە ئایندەدا ئێمە وەک خوێندنی کوردی بەرپرس نین لە هەر گۆڕانێک بۆ ئەو مووچەخۆرانەی کە فۆرمیان پڕ نەکردووەتەوە؛ دڵنیاتان دەکەینەوە کە مووچەخۆرانی خوێندنی کوردی لە بانکەکانی (TBI) مووچە وەردەگرن."