مووچە و ئیمتیازاتەکانی سەرۆکی ئەمەریکا چەندە؟
لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، پرسیاری فزوڵی زۆر دەبێت، سەبارەت بە زۆر بابەت کە پەیوەندییان بە سەرۆکایەتیی ئەمەریکاوە هەیە.
ڕەنگە یەکێک لەو پرسیارە باوەکان کە دێتە مێشکی ئەوانەی شوێن زانیارییەکان دەکەون، ئەوە بێت، مووچەی سەرۆکی ئەمریکا چەندە؟
مووچەی سەرۆکی ئەمریکا چەندە؟
لە ساڵی 2001ەوە مووچەی سەرۆکی ئەمەریکا بە 400 هەزار دۆلاری ساڵانە دیاری کراوە، ئەمە جگە لە پاداشتی ساڵانەی 50 هەزار دۆلار کە بۆ دابینکردنی خەرجییە فەرمییەکان تەرخان کراوە.
هەروەها دەرماڵەی گەشتی ساڵانەی بە بڕی 100 هەزار دۆلار بۆ تەرخان دەکرێت، لەگەڵ 19 هەزار دۆلار وەک خەرجی کاتبەسەربردن، کە بۆ دابینکردنی تێچووی پەیوەست بە بۆنە فەرمییەکان و پەیوەندی کۆمەڵایەتییەکان وەک بەشێک لە ڕۆڵی سەرۆکایەتییەکەی بەکار دەهێنرێت.
هەرچەندە مووچەی سەرۆکی ئەمەریکا بە بەرز دادەنرێت، بەڵام لە نێو مووچەی سەرکردەکانی جیهاندا بەرزترین مووچە نییە، هەندێک لە سەرکردەکان مووچەی زیاتر وەردەگرن، بەتایبەتی لەو وڵاتانەی کە ئابوورییەکی گەشەسەندوویان هەیە.
جگە لە مووچە، سەرۆکی ئەمەریکا، ئیمتیازاتی جۆراوجۆر وەردەگرێت، لەوانە نیشتەجێبوون لە کۆشکی سپی، کە هاوکات شوێنی کارەکەیەتی، جگە لە هۆکارەکانی گواستنەوە وەک فڕۆکەی سەرۆکایەتیی هێزی ئاسمانیی یەک و هێلیکۆپتەری 'مارین یەک'، هەروەها سەرۆک و خێزانەکەی خزمەتگوزاری پزیشکی و ئەمنیی ئاست بەرزیان بۆ دابین دەکرێت.
تەنانەت دوای کۆتایی هاتنی ماوەی خولەکەی، پاراستنی ئەمنیی بۆ هەتا هەتایە پێ دەدرێت.
مووچەی خانەنشینی
هەروەها سەرۆکی پێشوو مافی خانەنشینی هەیە، کە لە ساڵی 2023 ساڵانە نزیکەی 230 هەزار دۆلار بوو، لەگەڵ نووسینگە و بودجەیەک بۆ دابینکردنی تێچووی هاتووچۆ و کارکردن سەرەڕای هەموو ئەو ئیمتیازاتانە، بەشێک لە سەرۆکەکان پۆستەکانیان لە دوای کۆتاییهاتنی سەرۆکایەتییەکەیان لە بوارە نوێیەکاندا بەکار دێنن، وەک نووسینی کتێب یان بەشداریی لە وتار و بۆنە نێودەوڵەتییەکان، ئەمەش داهاتی زیادەیان پێ دەبەخشێت کە ڕەنگە زۆر لەوە زیاتر بێت کە لە ماوەی خولی سەرۆکایەتیدا وەری دەگرن.