وەزارەتی بەرگری داوای دەست بەسەرداگرتنی موڵکەکانی لە پارێزگاکانی عێراق دەکات
بەشێک لەو موڵکانە خاوەندارێتیان بۆ جووتیارانی کورد دەگەڕێتەوە
سەرۆکایەتیی ئەرکانی سوپای عێراق لە کۆتایی مانگی ڕابردوو نووسراوێکی ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیی و تێبینیەرایەتییەکانی تۆمارکردنی خانووبەرەی پارێزگاکان و شارۆچکەکانی عێراق کردووە بۆ ئەوەی گلدانەوە لەسەر ئەو زەویانە دابنرێت کە لەسەر ناوی وەزارەتی بەرگری تۆمار کراون.
کۆپییەکی نووسراوەکە بە ژمارەی (ق2/4/68/15854) لە (31/10/2024) دەستی ماڵپەڕی کوردستان24 کەوتووە و ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی تۆمارکردنی خانووبەرە لە هەر 15 پارێزگاکە و تێبینەرایەتییەکانی سنووری پارێزگاکان کردووە بۆ ئەوەی بە بڕیاری دادگای فیدراڵی نیشانەی گلدانەوە لەسەر تەواوی ئەو زەوی و موڵکانە دانرێت کە خاوەندارێتیان لەسەر ناوی وەزارەتی بەرگری تۆمار کراوە.
ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی و گشتاندنەکەی سەرۆکایەتیی ئەرکانی سوپای عێراق، لە کاتێکدایە کە ڕووبەری 135 هەزار دۆنم زەوی لە سنووری پارێزگای کەرکووک کە بەشێکی ئەو زەویانە دەکەوێتە سنووری تۆبزاوە و ناوچەکانی دیکەی باشووری کەرکووک لە سەردەمی ڕژێمی بەعس بە بڕیاری چاکسازیی کشتوکاڵی، مافی خاوەندارێتیان جووتیارانی کورد و تورکمان کە خەڵکی ڕەسەنی کەرکووکن وەرگیراوەتەوە و بە ناوی وەزارەتی دارایی تۆمار کراون، بەڵام ئێستا دادگای فیدراڵی بڕیاری داوە تەواوی ئەو زەویانەی سنووری پارێزگای کەرکووک و ئەوانەی دیکەی دەکەونە سنووری پارێزگاکانی دیکەی عێراق، جگە لە هەرێمی کوردستان سەرجەمیان نیشانەی گلدانەوەیان بخرێتە سەر.
پێشتر دادگای فیدراڵیی عێراق بڕیاری دواخستنی دانیشتنی دادگەی لەسەر پرسی یەکلاییکردنەوەی سکاڵای جووتیارانی سنووری شارەدێی سەرگەڕان و داقووق بۆ ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ دا، ئەمەش دووەمین جارە دادگا ئەو دانیشتنە دوا دەخات.
دادگای فیدراڵیی عێراق، ڕۆژی 16ی ئەیلوولی 2024، بۆ دووەمجار بڕیاری دواخستنی دانیشتنی یەکلاییکردنەوەی هەردوو ئەو سکاڵایەی دا کە لە لایەن جووتیارانی کورد و تورکمان لە شاردێی سەرگەڕان و شارۆچکەی داقووق لە دژی سەرۆکی پەرلەمان تۆماریان کردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی سەردەمی ڕژێمی بەعس، کە بە پاساوی چاکسازیی کشتووکاڵیی زەوییە کشتووکاڵییەکان بە زۆرەملێ لە جووتیارانی کورد زەوت کردووە و فامی خاوەندارێتی زەوییەیان خراوەتە سەر ناوی وەزارەتی دارایی و وەبەرهێنانی زەوییەکانی بۆ چەندین ساڵ بە عەرەبی هاوردە دراوە.
بە گوێرەی ئەو وادەیەی دادگای فیدراڵی بۆ پێداچوونەوە بە سکاڵای جووتیارانی کورد و تورکمان دیاری کردووە، 13ی ئەم مانگە دەبێت بۆ یەکلایی کردنەوەی سکاڵاکە کۆ ببێتەوە.
سکاڵای یەکەم، لەلایەن شەش هاووڵاتیی کوردی دانیشتووی شارەدێی سەرگەڕان لە دژی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەسەڵاتەکانی تۆمار کراوە و لە سکاڵاکەدا داوا دەکەن بڕیاری ژمارە 949ی ساڵی 1977 ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی بەعس بۆ دەست بەسەرداگرتن و مافی خاوەندارێتی زەوییە کشتووکاڵییەکانی هاووڵاتییانی کورد و گواستنەوەی مافی خاوەندارێتیی زەوییەکان بۆ سەر وەزارەتی دارایی و بەکارهێنانەوەی زەوییە کشتووکاڵییەکان بە ناوی چاکسازیی کشتووکاڵی، بە نادەستووری دابنرێت و بڕیارەکانی سەردەمی بەعس هەڵوەشێنرێنەوە و مافی خاوەندارێتی زەوییەکانیان بۆ بگەڕێنرێتەوە.
هەروەها سکاڵای دووەم بە هەمان شێوە لەلایەن چوار جووتیارانی کورد و تورکمانی سنووری شارۆچکەی داقوقی باشووری کەرکووک لەسەر سەرۆکی پەرلەمان و دەسەڵاتەکانی تۆمارکراوە و داوای بە نادەستووری دانان و هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ژمارە 824ی دەرچووی 16ی ئابی 1976 دەکەن، کە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە بە پاساوی چاکسازیی کشتووکاڵی زەوییەکانیان زەوت کراوە و مافی خاوەندارێتییان لێ وەرگیراوەتەوە.