دەسەڵاتی دادوەری ئێران: شارمەهد بەر لەوەی لەسێدارە بدرێت، مردووە

گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری ئێران دەڵێ: جەمشید شارمەهد هاووڵاتیی ئەڵمانی بە ڕەگەز ئێران بەر لەوەی لەسێدارە بدرێت، گیانی سپاردووە.

ئەسغەر جیهانگیر، گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا بە مێدیاکارانی ڕاگەیاند: "سزا و بڕیاری لەسێدارەدانی جەمشید شارمەند، بە تاوانی تیرۆر یەکلایی بوو بووەوە، بەڵام بەر لەوەی لەسێدارە بدرێت و سزاکەی بەسەردا جێبەجێ بکرێت، گیانی سپاردووە."

ئەم لێدوانەی گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران پێچەوانەی هەواڵەکانی هەفتەی ڕابردوو ئێرانە، کە دووشەممەی ڕابردوو 29ی تشرینی یەکەمی 2024، مێدیای فەرمیی ئێران جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی جەمشید شارمەهدی 67 ساڵی بڵاو کردەوە بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هیچ حاڵەتێکی مردنی پێش لە سێدارەدان بکات.

جەمشید شارمەهد، کە ڕەگەز ئێرانییە ماوەیەک لە ئەمەریکا ژیاوە و دواتر چووەتە ئەڵمانیا ڕەگەزنامەی ئەو وڵاتەی وەرگرتووە، لە 2ی ئابی 2020 لە گەشتێک لە ئەڵمانیاوە بۆ هیندستان، لەلایەن هەواڵگریی ئێرانەوە ڕفێنرا و دوای سێ ڕۆژ دەستبەسەری لە دوبەی، گواسترایەوە ئێران و بە تاوانی تێوەگلان لە تەقاندنەوەی مزگەوتێک لە ساڵی 2008 لە شاری شیراز لە باشووری ئێران کە بەهۆیەوە 14 کەس کوژران و 300 کەسی دیکەش برینداربوون سزای لەسێدارەدانی بۆ دەر کرا.

لەسەر لە سێدارەدانی جەمشید شارمەهد، ئۆلاڤ شۆڵز ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس وێڕای سەرکۆنەکردنی لەسێدارەدانی ئەو هاووڵاتییە ئەڵمانە بە ڕەچەڵە ئێرانییە، ڕایگەیاندووە: "ئەمە کارێکی شەرمەزارانەیە."

هەر لە کاردانەوەکانی لە سێدارەدانی شارمەهد، ئانالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بڕیاری دەرکردنی سێ کونسوڵخانەی ئێرانی لە فرانکفۆرت، میونشن و هامبورگ ڕاگەیاند و گوتی "هەمیشە بۆ تارانمان ڕوون کردووەتەوە، لەسێدارەدانی هاووڵاتی ئەڵمانی لێکەوتەی خراپی دەبێت."

جەمشید شارمەهدی تەمەن 69 ساڵ، لە شوباتی 2023 بە تاوانی "بڵاوکردنەوەی پیسی و تاوان" لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری ئێران سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکرا، دواتر دادگای باڵای ئێران ئەو سزایەی پەسەند کرد.

هەروەها تۆمەتبارکرابوو بە تێوەگلان لە تەقاندنەوەی مزگەوتێک لە ساڵی 2008 لە شاری شیراز لە باشووری ئێران کە بەهۆیەوە 14 کەس کوژران و 300 کەسی دیکەش برینداربوون.