مالیکی داوایەک لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات
ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، نووری مالیکی، داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە ڕۆڵی زیاتر بگێڕێت بۆ ڕاگرتنی شەڕی ئیسرائیل دژ بە فەڵەستین و لوبنان و پێشکەشکردنی یارمەتییە پێویستەکان بۆ ئاوارەکان.
نووسینگەی سەرۆکی هاوپەیمانی دەولەتی یاسا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "ئەمڕۆ نووری مالیکی لە نووسینگەکەی پێشوازیی لە نوێنەری تایبەتی نوێی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، محەمەد حەسان کرد."
لە بەیاننامەکەدا هاتووە "لە دیداری نێوانیاندا، دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی و ئابووری عێراق و ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە تاوتوێ کرا، هاوکات باسیان لەو هێرشانە کرد کە دەکرێتە سەر غەززە و باشووری لوبنان."
مالیکی "جەختی لەسەر هەڵوێستی عێراق لە پشتیوانیی لە دۆزی فەلەستین و مافی چارەی خۆنووسینی فەڵەستینییەکان کردووە و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان و هاودەنگیی لەگەڵ گەلی لوبنان لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا."
سەبارەت بە پەرەسەندنەکانی ناوچەکە، مالیکی داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد "ڕۆڵێکی گەورەتر بگێڕێت لە وەستاندنی هێرشەکانی سەر فەڵەستین و لوبنان و پێشکەشکردنی هاوکاریی پێویست بۆ ئاوارەکان و کارکردن بۆ چەسپاندنی ئاسایش و ئاشتی." هەروەها "بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە کۆمەڵکوژییەکانی ئیسرائیل دژی فەڵەستین و لوبنان ئیدانە کرد."