ئاژانسه‌ هه‌واڵگرییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا: دوو وڵات زانیاریی ساخته‌ له‌ باره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌

لۆگۆی ئاژانسه‌ هه‌واڵگرییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا
لۆگۆی ئاژانسه‌ هه‌واڵگرییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا

ئاژانسه‌ هه‌واڵگرییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا دوو وڵات تۆمه‌تبار ده‌كات كه‌ له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاریی نادروست سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنی حه‌وت ویلایه‌ته‌ خۆڵه‌مێشییه‌كه‌ "چالاكن".

هه‌ر یه‌ك له‌ نووسینگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ فیدراڵییه‌كان (F.B.I) و نووسینگه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌واڵگرییه‌ نیشتمانییه‌كان (ئاو دی ئان ئای) و ئاژانسی ئاسایشیی سایبه‌ر و ئاسایشی ژێرخان (سی ئای ئێس ئای) ڕاگه‌یه‌ندراوێكی هاوبه‌شیان بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن، هه‌ر یه‌ك له‌ ڕووسیا و ئێران سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا و كێبه‌ركێكان له‌ نێوان هه‌ر یه‌ك له‌ دۆناڵد ترامپ، كاندیدی كۆمارییه‌كان و كامالا هاریس، كاندیدی دیموكراته‌كان "چالاكن".

هه‌ر یه‌ك له‌ ویلایه‌ته‌كانی پێنسلڤه‌ینیا، میشیگن، ویسكه‌نسین، كارۆلاینای باكوور، جۆرجیا، نیڤادا و ئه‌ریزۆنا به‌ ویلایه‌ته‌ خۆڵه‌مێشییه‌كان ناسراون و ده‌توانن براوه‌ی هه‌ر یه‌كێك له‌ كاندیدی كۆمارییه‌كان یاخود دیموكراته‌كان یه‌كلایی بكه‌نه‌وه‌.

ئاژانسه‌ هه‌واڵگرییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌ هاوبه‌شه‌كه‌یاندا پێشبینییان كردووه‌، ڕكه‌به‌ره‌ بیانییه‌كان به‌تایبه‌تی ڕووسیا ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ به‌رانبه‌ر به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان چالاك بێت، ته‌نانه‌ت ئه‌م چالاكییانه‌ی بۆ چه‌ند هه‌فته‌یه‌كی دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانیش به‌رده‌وام بێت.

ئاژانسه‌ هه‌واڵگرییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا سه‌رنج بۆ ئه‌وه‌ ڕاده‌كێشن، چالاكانی هێرشی سایبه‌ری ڕووسی چه‌ند گرته‌ڤیدیۆیه‌كی "ساخته‌" به‌رهه‌م ده‌هێنن و وتاری ناڕاست بۆ بچووككردنه‌وه‌ و بێبه‌هاكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌، هاوكات له‌م ڕێگه‌یوه‌ ترس ده‌خه‌نه‌ ناو ده‌نگده‌ران و هانی ده‌نگده‌ران ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی توندوتیژی سیاسیی به‌رانبه‌ر به‌ یه‌كدی بكه‌ن.

هه‌روه‌ها له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی ئاژانسه‌ هه‌واڵگرییه‌كانی ئه‌مه‌ریكادا هاتووه‌: "ئێران چه‌ند چالاكییه‌كی سایبه‌ری له‌ دژی هه‌ڵمه‌ته‌كانی دۆناڵد تره‌مپ كردووه‌. هاوكات چالاكانی ئێران له‌ هه‌وڵدان مادده‌ی مێدیایی ساخته‌ دروست بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی ده‌نگدان بشێوێنن و توندوتیژیی بورووژێنن، وه‌كوو چۆن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ڕابردوودا ئه‌و كاره‌یان كردووه‌."