پۆلیسی هەولێر دوو کەسی بۆ تۆمەتی دزی دەستگیر کرد
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند: دوو تۆمەتبار، کە یەکێکیان خەڵکی باشووری عێراقە و ئەوەی دیکەش خەڵکی وڵاتێکی دیکەیە، بە تۆمەتی دزیکردن دەستگیر کران.
ئەمڕۆ سێشەممە 5ـی تشرینی دووەمی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، دوو تۆمەتبار دەستگیر کران، کە لە شوێنی مامەڵەکردنی هاووڵاتییان و ڕاییکردنی مامەڵەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر فێڵ و دزییان لە خەڵک کردبوو، هەروەها پارەیان لێ بردبوون.
بەڕێوەبەرایەتییەکە، دەڵێت: لە ماوەی کەمتر لە کاتژمێرێک، بە بڕیاری دادوەری لێکۆینەوە و بەپێی ماددە (446) لە یاسای سزادان هەردوو تۆمەتبارەکە لەلایەن تیمەکانیانەوە دەستگیر کران.
پۆلیسی پارێزگای هەولێر، باسی لەوەش کرد، تۆمەتبارەکان دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە، کە شەش سکاڵایان لەسەر تۆمار کراوە و پێشینەی تاوانیشیان هەیە.