ناتانیاهۆ، وەزیری بەرگریی وڵاتەکەی لە ئەرکەکەی دوورخستەوە
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگریی وڵاتەکە لە پۆستەکەی دوورخستەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 5ـی تشرینی دووەمی 2024، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگریی وڵاتەکەی لە پۆستەکەی دوورخستەوە. هاوکات ئیسرائیل كاتز، وەزیری دەرەوە لە شوێنی گالانت دەست نیشان کرا.
بنیامین ناتانیاهۆ، گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە دا، ئێمە لەناو شەڕداین، پێویستە زیاتر لە جاران، متمانەی تەواوەتی لە نێوان سەرۆک وەزیران و وەزیری بەرگریی هەبێت.
باسی لەوە کرد، لە مانگەکانی یەکەمی دەستپێکی شەڕ متمانەیەکی باش لەنێوان من و وەزیری بەرگریدا هەبوو، بەڵام بەداخەوە ئەو متمانەیە درزی تێکەوت، وردە وردە بەرەو کەمبوونەوە چوو.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، گوتی: بۆشاییەکی گەورە لە نێوان من و گالانتدا لە بەڕێوەبردنی کارەکاندا هەبوون، لێدوان و کرداری گالانت، وەزیری بەرگریی پێشووی وڵاتەکەمان پێچەوانەی بڕیارەکانی حکوومەت بوون، بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو خەڵکیش لەم کارە تێگەیشت.
ناوبراو گوتیشی: بەهۆی ئەوەی گالانت متمانەی من و حکوومەتی وڵاتی لەدەستدا، لەژێر ڕۆشنایی ئەو نەمانی متمانەیە ئەمڕۆ بڕیارم داوە کۆتایی بە خولی وەزیری بەرگریی بهێنم.
ناتانیاهۆ، لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیارم دا لە شوێنی گالانت، ئیسرائیل كاتز، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە بۆ پۆستی وەزیری بەرگریی دەست نیشان بکەم، هیچ گومانێکمان لە دڵسۆزی کاتز بۆ کارەکەی نییە و ئەو متمانەی ئێمەی بەدەست هێناوە.