نرخی بتکۆین گەیشتە بەرزترین ئاستی تۆمارکراوی دراوی دیجیتاڵی
چوارشەممە، 6ـی تشرینی دووەمی 2024، نرخی دراوی دیجیتاڵی بتکۆین بۆ بەرزترین ئاستی بەرزبووەوە، ئەویش زیاتر لە 75 هەزار دۆلار بوو، ئەمەش لەکاتێکدایە بازرگانان گرەویان لەسەر سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان لە کێبڕکێی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا کردووە.
ئەو ملیاردێرە کۆمارییە وەک کاندیدێکی پشتیوان بۆ دراوی کریپتۆ سەیر دەکرێت.
نزیکەی کاتژمێر 3:00 GMT بەهای دراوی دیجیتاڵی گەیشتە 75,005.08 دۆلار، بەرزترین ئاستی خۆی تێپەڕاند کە تا ئێستە 73,797.98 دۆلار بوو.
لە بەرامبەردا، نرخی دۆلاری ئەمەریکی لە مامەڵە کردن لە ئاسیا بە ڕێژەی زیاتر لە سەدا 1.5 بەرامبەر یێن و یۆرۆ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی، ئەمەش بەهۆی چاوەڕوانییەکانی بازرگانەکانەوە بوو، کە ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.
نزیکەی کاتژمێر 3:00 GMT نرخی دۆلار بە ڕێژەی 1.71% بەرزبووەوە بەرامبەر بە دراوی ژاپۆنی و گەیشتە 154.21 یێن بەرامبەر بە دۆلار، لە کاتێکدا نرخەکەی بە ڕێژەی 1.67% بەرامبەر دراوی ئەورووپی بەرزبووەوە و گەیشتە 0.9302 یۆرۆ بەرامبەر بە دۆلار.