سوپای ئیسرائیل داوای چۆلکردنی دوو ناوچەی باشووری بەیرووت دەکات
سوپای ئیسرائیل پەیامێکی هۆشداری ئاراستەی دانیشتووانی دوو ناوچەی باشووری بەیرووتی پایتەختی لوبنان کرد و داوا دەکات هەرچی زووە دەبێت ناوچەکان چۆل بکەن.
ئەفیخای ئەدرەعی، گوتەبێژی عەرەبی سوپای ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و هۆشداری داوەتە دانیشتووانی هەردوو ناوچەی حاڕە حەریک و لەیلەکی، بۆ ئەوەی هەرچی زووە هەردوو ناوچەکە چۆل بکەن.
هەروا ئاماژەی داوە "دانیشتووانی هەردوو ناوچەکە لە دامەزراوە و بەرژەوەندییەکانی حزبوڵلا نزیکن، هەربۆیە دەبێت ناوچەکە چۆڵ بکەن، چونکە سوپای ئیسرائیل بەم زووانە ئۆپراسیۆنی چڕی بۆ سەر ئەو دوو ناوچەیە و بەرژەوەندییەکانی حزبوڵلا دەست پێ دەکات."
ناوچەی حاڕە حەریک، لە باشووری بەیرووت کە 28ی ئەیلوولی ئەم ساڵ، سوپای ئیسرائیل لە هێرشێکی ئاسمانیدا ئەو باڵەخانەیەی بۆمباران کرد کە حەسەن نەسروڵلا ئەمینداری گشتیی حزبوڵلا و نزیکەی 20 سەرکردەی دیکە حزبوڵلا تیایدا لە کۆبوونەوەیەکی نهێنیدا بوون و سەرجەمیانی کوشت.