پیسکۆڤ: ئەمەریکا دەتوانێت کۆتایی بە شەڕی ئۆکرانیان بهێنێت

دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا
دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا

دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا ڕایگەیاند "بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا گرنگە، بەو پێیەی ئەمەریکا دەتوانێت بە خێرایی کۆتایی بە شەڕ و ململانێکانی ئۆکرانیا بهێنێت."

پیسکۆڤ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە بارەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا و سەرکەوتنی ترەمپ گوتی: "نابێت لە بیری بکەین کە باسی وڵاتێکی نەیار دەکەین کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە شەڕی دژی وڵاتەکەماندا تێوە گلاوە، بەڵام ئەگەر کەسێک بتوانێت شتێک بگۆڕێت، پێویستە پێشوازیی لێ بکەین."

ئەم قسانەی گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا لە کاتێکدایە پێشتر ماریا زاخارۆڤا، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ڕووسیا ڕایگه‌یاندووە "پێویسته‌ تره‌مپ به‌ کردار بسه‌لمێنێت کۆتایی بەشەڕی ئۆکرانیا دەهێنێت."

دۆناڵد تره‌مپ  لە دوای کۆتایی هاتنی پرۆسەی دەنگدان و ئاشکرابوونی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا له‌ یه‌كه‌م وتاریدا ڕایگەیاند "هه‌موو ئه‌و به‌ڵێنانه‌ جێبه‌جێ ده‌كات كه‌ به‌ ده‌نگده‌ر و ئه‌مەریكییه‌كانی داوە، ده‌ستكه‌وتى سیاسی و ئابوورى به‌ده‌ست ده‌هێنن."

گوتیشی: "چوار ساڵى داهاتوو، ده‌بێته‌ چوار ساڵى زێڕین بۆ ئه‌مەریكا و ئەم سه‌ركه‌وتنه‌ هاوكاریمان ده‌كات ئه‌مەریكا گه‌وره‌ بكه‌ینه‌وه‌، ئێمه‌ جه‌نگ ڕادەگرین و كۆتاییان پێ دەهێنین."