لە ماوەی ساڵێکدا سوپای ئیسرائیل پتر له‌ 85 هەزار تۆن بۆمبی به‌سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌دا به‌رداوه‌ته‌وه

بۆردمانی غه‌ززه‌ له‌ لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌
بۆردمانی غه‌ززه‌ له‌ لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌

ده‌سه‌ڵاتی جۆریی ژینگه‌ی فه‌ڵه‌ستینی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، سوپای ئیسرائیل له‌ ماوه‌ی زیاتر له‌ ساڵێكدا پتر له‌ 85 هەزار تۆن بۆمبی به‌سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌دا به‌رداوه‌ته‌وه.

چوارشه‌ممه‌، 6ـی تشرینی دووه‌می 2024، ده‌سه‌ڵاتی جۆریی ژینگه‌ی فه‌ڵه‌ستینی له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاوی كرده‌وه‌ "سوپای ئیسرائیل له‌ 7ـی ئۆكتۆبه‌ری 2023ـوه‌ پتر له‌ 85 هەزار تۆن بۆمبی به‌سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌دا به‌رداوه‌ته‌وه، له‌ ناو ئه‌و بۆمبانه‌دا فۆسفۆری سپی هه‌بووه‌."

ده‌سه‌ڵاتی جۆریی ژینگه‌ی فه‌ڵه‌ستینی له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ "ڕۆژی جیهانیی ڕێگرتن له‌ به‌كارهێنانی ژینگه‌ له‌ كاتی جه‌نگ و ململانێ سه‌ربازییه‌كاندا"، ڕوونی كردووه‌ته‌وه‌ "بۆمبارانی به‌رده‌وامی سوپای ئیسرائیل له‌ ماوه‌ی زیاتر له‌ ساڵێكدا بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌، پانتایی و ڕووبه‌رێكی به‌رفره‌وانی زه‌ویی كشتوكاڵی له‌ناو چوونه‌ و خاكه‌كه‌ی به‌ هۆی مادده‌ی كیمیایی ژه‌هراوییه‌وه‌ بۆ ماوه‌ی چه‌ند ده‌یه‌ گرفت بۆ كشتوكاڵ و چاندن دروست ده‌كات."

هه‌روه‌ها له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا باس له‌وه‌ كراوه‌ "ئیسرائیل له‌ هێرش و بۆمبارەکاندا چه‌ندان جۆر چه‌ك و مووشه‌كی به‌ كار هێناوه‌، له‌وانه‌یش فۆسفۆری سپی كه‌ له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا قه‌ده‌غه‌ كراوه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی زیانێكی گه‌وره‌ به‌ ژینگه‌ ده‌گه‌یه‌نێت و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ژیانی مرۆڤ و زینده‌وه‌ران ده‌كات."

سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش ڕاكێشاوه‌ "ئه‌و 85 هه‌زار تۆن بۆمبه‌ی ئیسرائیل له‌ ماوه‌ی پتر له‌ ساڵێكدا به‌سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌یدا به‌رداوه‌ته‌وه‌، پتره‌ له‌و ڕێژه‌یه‌ی له‌ جه‌نگیی دووه‌می جیهانیدا به‌ كار هاتووه‌."