ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق: ژمارەیەک کۆمپانیای وەهمی لە عێراق هەن و کەسانی گوماناوی خاوەندارێتییان دەکەن
لێژنەی ئاسایشی و بەرگریی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد "ژمارەیەک کۆمپانیای وەهمی لە وڵاتەکە هەیە کە لەلایەن کەسانێکی گوماناوییەوە لە دەرەوەی عێراق بەڕێوە دەبرێن."
ئەمڕۆ چوارشەممە 6ـی تشرینی دووەمی 2024، لێژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان و وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەبارەی بوونی ژمارەیەک کۆمپانیای وەهمی لە عێراق کۆ بوونەوە.
کەریم عەلییەوی محەممەداوی، سەرۆکی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا، ئاماژەی بەوە دا "کۆمەڵێک پێشێلکاری لە کارەکانی بەشێک لە کۆمپانیا عێراقی و بیناییەکان تۆمار کراون، ئەمەش بەهۆی بوونی ژمارەیەک کۆمپانیای وەهمی کە لەلایەن کەسی گوماناوییەوە لە دەرەوەی عێراق بەڕێوە دەبرێن."
لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە "ئەوان چاودێریی ژمارەیەک پێشێلکارییان کردووە، لە کاری ژمارەیەک کۆمپانیای عێراقی و کۆمپانیاکانی ئاسایشی بیانی، لە نێویاندا کۆمپانیایەکی ئاسایشی ڕووسی کە بنکەکەی لە دەرەوەی وڵاتە تۆمار کراوە."
محەممەداوی ئاماژەی بەوەش کردووە "هەندێک لەو کۆمپانییانە کەسانێک خاوەندارێتی دەکەن بە تۆمەتی گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە، لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریی عێراقەوە داواکراون."
سەرنجی بۆ ئەوەش راكێشا "زۆر لە کۆمپانیا لە عێراق هەن کە کەسانی نزیک لە دەوڵەت خاوەندارێتییان دەکەن، هاوکات بەشێکیشیان ئەندامی پەرلەمانی عێراقن."
سەرۆکی لێژنەکە، لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کردووە "لێژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان، لێژنەیەکی لاوەکی بۆ وردبینیکردنی کاری کۆمپانیاکان و گرێبەستەکانیان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکە پێک دەهێنێت، هەروەها بۆ ئەم مەبەستە ڕاپۆرتێک پێشکەش بە سەرۆکی حکوومەت، سەرۆکی پەرلەمان و وەزیری ناوخۆی عێراق دەکات."