دۆناڵد ترەمپ کێیە
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا لە ساڵی 1946 لە نیویۆرك له دایکبووە و بە یەکێک لە ڕاستڕەوەکانی کۆمارییەکان دادەنرێت، تا ئێستا پێنج جار لایەنی سیاسی خۆی گۆڕیوە و پێشتر پەیوەندی بە دیموکراتەکانیش کردووە.
دۆناڵد ترەمپ، ئەو کەسایەتییەی بازرگانییەی ئەمەریکا کە بە گوتەی خۆی هاتووەتە ناو گۆڕەپانی سیاسی وڵاتەکەی تا جارێکی دیکە ئەمەریکا مەزن بێت و کێشەکانی وڵاتەکەی چارەسەر بکات و رێگری لە دامەزراوە گەندەڵ و شکستخواردووەکانی وڵاتەکەی بکات.
دۆناڵد جەی ترەمپ لە 14ـی حوزەیرانی 1946 لە شاری نیویۆرك لە دایکبووە و خاوەن بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە زانستی ئابووری و دوای تەواوکردنی زانکۆ لە کۆمپانیای خانوبەرەی باوکی کاری کردووە و لە ساڵی 1971 بووە خاوەنی کۆمپانیاکەی باوکی، هەروەها چەندین جار لە مایەپووچبوون رزگاری بووە و لە ناوەوە و دەرەوەی ئەمەریکا وەبەرهێنانی کردووە و سەرمایەکەی بە شەش ملیار و 500 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت
دۆناڵد ترەمپ سێ جار چووەتە ناو پڕۆسەی هاوسەرگیری و خاوەنی پێنج منداڵە.
لە ژیانی سیاسیدا دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی 1987 پەیوەندی بە پارتی کۆمارییەکان کرد و لە ساڵی 2001ـیش پەیوەندی بە دیموکراتەکان کرد، تا ئێستا پێنج جار لایەنی سیاسی خۆی گۆڕیوە.
بۆ یەکەم جار لە ساڵی 2000 لەسەر پشکی پارتی چاکسازی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمەریکا کاندید کرد.
لە ساڵی 2015 بڕیاریدا لەسەر پشکی کۆمارییەکان خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمەریکا کاندید بکات و بەشداری لە هەڵبژاردنی ساڵی 2016 کرد و لە ساڵی 2017 سوێندی یاسایی خوارد و بووە 45ـمەین سەرۆکی ئەمەریکا.
دوای ئەوە لە هەڵبژاردنی ساڵی 2020 و لە ساڵی 2024 لەسەر پشکی کۆمارییەکان خۆی کاندید کردووە.
ترەمپ بەوە ناسراوە نزیکە لە راستڕەوە توندڕەوەکانی پارتی کۆمارییەکان و بە ئاشکرا دژایەتی هاتنی کۆچبەران کردووە.
دۆناڵد ترەمپ تاکە سەرۆکی ئەمەریکا بووە دوو جار لەلایەن کۆنگرێسەوە متمانەی لێبسەندرێتەوە، دوای شکستهێنانی لە هەڵبژاردنی 2020 پشتیوانکارانی لە ساڵی 2021 هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەی کۆنگرێس و دۆناڵد ترەمپ بە هاندانی پشتیوانکارانی بۆ دروستکردنی ئاژاوە پشێوەی تۆمەتبارکرا.