هێزەکانی ئەمەریکا ئۆپەراسیۆنێک لە نزیک بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد دەکەن

سەرچاوەیەکی ئەمنیی ڕایگەیاند "هێزێکی زۆری ئەمەریکی بۆ یەکەمجار لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا ئۆپەراسیۆنێکیان لە دەوروبەری بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە ڕۆژئاوای ئەنبار کردووە."

ئەو سەرچاوەیە ڕاگەیاندووە "هێزێکی زۆری ئەمەریکی لە دەوروبەری بنکەی سەربازی عەین ئەسەد لە ڕۆژاوای ئەنبار، بۆ یەکەمجار لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا، ئۆپەراسیۆنێکیان کردووە و تا ئێستەش نازانرێت کە ئایا ئامانجەکە بۆ لەناوبردنی ڕێکخراوەکانە یان مەشقێکی ئەمنیی ڕانەگەیەندراو لە چوارچێوەی مەشقەکانی ڕاهێنان کە جاروبار دەکرێت."

ئاماژەی بەوەش کرد "عەین ئەسەد دەیان سەربازی ئەمەریکایی تێدایە، کە ئەرکیان جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنی تایبەتە، هەندێکیان بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی عێراقی و جووڵەکردن لەنێوان سووریا و عێراق بەپێی ئامانجەکان و داتاکانی بەردەست."

گوتیشی: "ژمارەی ئەو هێزانە لەگەڵ گرژییەکانی ئێستەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیادی کردووە و ڕەنگە ئەو ژمارەیە دوو ئەوەندەی ژمارەی پێشوویان بێت، بە هێلکۆپتەری شەڕکەر و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و توانای شەڕی پێشکەوتووەوە پاڵپشتی دەکرێن."

بنکەی سەربازی عەین ئەسەد لە ڕۆژئاوای عێراق، گرنگترین بەشی هێزەکانی ئەمەریکای تێدا جێگیر کراوە؛ چەند ڕۆژێکە زنجیرەیەک مەشق و ڕاهێنانی ڕانەگەیەندراو لەگەڵ چەن هێرشێکی گشتگیر بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکەن.

 ئەو مەشق و ڕاهێنانە وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی دێت، بەتایبەتی کە بەرگرییەکانی زیاتر لە جارێک شکستی هێنا لە ڕووبەڕووبوونەوەی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن گرووپە چەکدارە عێراقییەکانەوە هەڵ درابوون، لە دوایین هێرشدا بووە هۆی برینداربوونی حەوت سەرباز، لە کۆی 10 مووشەک، هەشت مووشەک لەلایەن هێزەکانەوە پووچەڵ کرانەوە.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بۆ ئەوەش کردووە "هێزەکانی ئەمەریکا لە عەین ئەسەد هێشتا پێیان وایە، ڕەنگە ڕووبەڕووی هێرشێکی فراوان و هەمەلایەنە ببنەوە؛ هاوکات هەواڵەکان باس لە هێنانی هێزی نوێ و سیستەمی بەرگریی دەکرێت کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی هەبێت."

ئەمەریکا نزیکەی دوو هەزار و 500 سەربازی لە عێراق لەگەڵ 900 سەربازی دیکە لە سووریا جێگیر کردووە، لە چوارچێوەی ئەو هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەی لە ساڵی 2014دا بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش دایمەزراندووە.