پارێزگاری بانکی ناوەندی فەرەنسا: سەرکەوتنی ترەمپ هەڕەشەیە لەسەر ئابووریی جیهان

پارێزگاری بانکی ناوەندیی فەرەنسا و ئەندامی ئەنجوومەنی بانکی ناوەندیی ئەورووپا، پێی وایە سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا  "مەترسی و هەڕەشە لەسەر ئابووری جیهانی زیاد دەکات."

فرانسوا ڤیلێرۆی، پارێزگاری بانکی ناوەندیی فەرەنسا لە میانی کۆنفرانسێکدا لە شاری لیۆنی فەرەنسا ڕایگەیاند "پێم وایە خولی دووەمی ترەمپ، پاراستنی بازرگانی زیاتر و کورتهێنانی بودجەی زیاتری ئەمەریکا لەگەڵ خۆیدا بهێنێت.. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەم دوو شتە مەترسییەکانی سەر ئابووریی جیهانی و پێویستیەکانی ئەورووپا زیاتر دەکەن."

ڤیلێرۆی گوتیشی: "بەڵێنەکەی ترەمپ بۆ بەرزکردنەوەی باج لەسەر هاوردەکردن، بە مانای هەڵاوسانی زیاتر دێت، کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە گەشەکردن لە سەرانسەری جیهاندا کەم دەبێتەوە." ئاماژەی بەوەش کرد "زیادبوونی نادڵنیایی ڕەنگە قورسایی لەسەر گەشەسەندنیش هەبێت."

ڤیلێرۆی باسی لەوە کرد "پێویستە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا زەنگی ئاگادارکردنەوەی مەترسی بۆ ئەورووپا لێ بدات" هۆشداریشی دا لەوەی "ئەورووپا بەدەست لاوازییەکی ڕوونەوە گیرۆدە بووە، وەک دابەزینی تەکنەلۆجیا و دابەشبوونی سیاسەتەکانیان."

ڕۆژی سێشەممە 5ـی تشرینی دووەمی 2024، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا دەستی پێ کرد و دوو بەربژێر بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا کێبڕکێی توند کرد، ئەوانیش دۆناڵد ترامپ لە پارتی کۆمارییەکان و کامالا هاریس لە دیموکراتەکان بوون و لە ئەنجامدا دۆناڵد ترەمپ سەرکەوت.