ئیسرائیل گرێبەستێکی بە بەهای زیاتر لە پێنج ملیار دۆلار بۆ کڕینی فڕۆکەی ئێف 15 ئیمزا کرد

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7-11-2024، وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل، ئیمزاکردنی گرێبەستێکی بۆ کڕینی "25 فڕۆکەی نەوەی نوێی ئێف 15" لەگەڵ کۆمپانیای  "بۆینگ"ی ئەمەریکی ڕاگەیاند، کە بەهای کۆی گشتی نزیکەی 5.2 ملیار دۆلارە.

ئەم ڕێککەوتنە، چوارشەممە لەگەڵ کۆمپانیای بۆینگ ئیمزا کراوە و بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕاگەیەندرا، گرێبەستەکە بە پارەی پاڵپشتیی ئەمەریکا دابین دەکرێت، هەروەها بژاردەیەکی داهاتوو بۆ کڕینی 25 فڕۆکەی زیادەش لەخۆ دەگرێت.

بەڕێوەبەری گشتیی لە وەزارەتی بەرگری، ئەیال زەمیر، لەکاتی سەردانەکەیدا بۆ ئەمەریکا لە مانگی ڕابردوودا، مۆڵەتی ڕێککەوتنەکەی ئیمزا کردووە.

بەڵام ڕۆژی چوارشەممە، 6-11-2024، دوای کۆتایی هاتنی دانوستانەکان بە سەرۆکایەتیی نوێنەری کڕین لە وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل، بە هاوکاری هێزی ئاسمانیی وڵاتەکە، گرێبەستەکە بە تەواوی مۆر هات.

فڕۆکە نوێیەکەی "ئێف 15" بە نوێترین سیستەمی چەک تەیار دەکرێت، هەروەها لەگەڵ سیستەمی پێشکەوتووی ئیسرائیلدا دەبەسترێت، لەگەڵ باشترکردنی مەودای فڕینی زیاتر و توانای زیاتر و باشترکردنی کارکردنی.

ئەم گرێبەستە، دەستکەوتێکی گرنگە بۆ هێزی ئاسمانی و سیستەمی ئاسایشی ئیسرائیل، چونکە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی تواناکانی هێزی ئاسمانی.