زانیاریی لەبارەی بەناوبانگترین کۆشکی جیهان
کۆشکی سپی، بەناوبانگترین کۆشکی جیهان و شوێنی مانەوەی خێزانی سەرۆکی زلهێزترین وڵاتی جیهانە.
لە ساڵی 1791 جۆرج واشنتن، سەرۆکی ئەو کاتی ئەمەریکا شوێنی دروستکردنی کۆشکی سپی دیاری کرد. ساڵی دواتر ئەندازیارێکی بە ڕەچەڵەک ئێرلەندی بە ناوی 'جەیمس هۆبان' دیزاینی کۆشکەکەی کرد و بەردی بناغەی کۆشکی سپی دانرا.
کۆشکی سپی و دەوروبەرەکەی وەک ماڵی سەرۆکی ئەمەریکا دادەنرێت؛ هاوکات مۆزەخانەیەکیشە بۆ پیشاندانی مێژووی ئەمەریکا و سەرۆکەکانی.
کۆشکی سپی, یەکێکە لە کۆشکە گەورەکانی جیهان، باڵەخانەکە لە 132 ژوور پێک دێت. لە کۆشکەکەدا 412 دەرگا، 147 پەنجەرە، 28 ئاگردان، 8 پلیکانە، 3 ئەسانسۆر (مەسعەد) و چێشتخانەیەکی تێدایە کە توانای خزمەتکردنی 140 میوانی هەیە.
ڕەنگکردنی هەموو ڕووکەشی دەرەوەی کۆشکی سپی، پێویستی بە 570 گاڵۆن ڕەنگ هەیە.
لە مێژوودا، کۆشکی سپی بە چەند ناوێکی دیکەش ئاماژەی پێ دراوە، لەوانە: کۆشکی سەرۆک، خانووی سەرۆک و کۆشکی جێبەجێکار؛ دواتر لە ساڵی 1901 سەرۆک تیۆدۆر ڕۆزەڤێڵت بە فەرمی ناوی لێ نا کۆشکی سپی.