پزیشکیان: هەڵبژاردنی ترەمپ هیچ شتێک سەبارەت بە ئێران ناگۆڕێت

مه‌سعود پزیشكییان، سه‌رۆك كۆماری ئێران
مه‌سعود پزیشكییان، سه‌رۆك كۆماری ئێران

سه‌رۆك كۆماری ئێران له‌ په‌یامێكدا دوای ته‌واوبوونی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا و سه‌ركه‌وتنی دۆناڵد تره‌مپ، كاندیدی كۆماریییه‌كان، په‌یامێكی بڵاو ده‌كاته‌وه‌ و تێیدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات "هیچ شتێك سه‌باره‌ت به‌ ئێران ناگۆڕێت."

پێنجشه‌ممه‌، 7ـی تشرینی دووه‌می 2024، مه‌سعود پزیشكیان، سه‌رۆك كۆماری ئێران له‌ په‌یامێكدا ڕایگه‌یاندووه‌، كاری له‌پێشینه‌ی وڵاته‌كه‌ی بریتییه‌ له‌ پێشخستنی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی ئیسلامی.

پزیشكیان هه‌روه‌ها له‌ په‌یامه‌كه‌یدا سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ ڕاكێشاوه‌، هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و سه‌ركه‌وتنی تره‌مپ هیچ شتێك سه‌باره‌ت به‌ ئێران ناگۆڕێت.

هه‌ر ئه‌مڕۆ ئیسماعیل به‌قائی، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران ڕایگه‌یاند، ئه‌زموونێكی تاڵییان له‌گه‌ڵ سیاسیه‌ت و ئاراسته‌ی ئیداره‌كانی پێشووی ئه‌مه‌ریكا هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش وه‌كوو ئاماژه‌یه‌ك بۆ سیاسه‌تی تره‌مپ به‌رانبه‌ر ئێران له‌ كابینه‌كه‌ی نێوان ساڵانی 2016 – 2020.

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردبوو، سه‌ركه‌وتنی تره‌مپ ده‌كرێت ببێته‌ هۆی به‌خۆداچوونه‌وه‌ و چاوخشاندنه‌وه‌ به‌ سیاسه‌ته‌كانی ڕابردووی واشنتن.

پێشتر تره‌مپ له‌ ساڵی 2018 به‌ ته‌نیا له‌ ڕێككه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمی (5+1) كشایه‌وه‌ و له‌و كاته‌وه‌ سزایه‌كی توندی به‌سه‌ر ئێراندا سه‌پاند.