مانگێک تەمەنی وەرزی یاسادانانی عێراق درێژ کرایەوە

په‌رله‌مانی عێراق
په‌رله‌مانی عێراق

سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە 7ـی تشرینی دووەمی 2024، 30 ڕۆژ تەمەنی وەرزی یاسادانانی درێژ کردەوە. لە کاتێکدایە کە شەممە تەمەنی پەرلەمانی عێراق و وەرزی یاسادانان کۆتایی پێ دێت.

لەلایەن خۆیەوە محەممەد خەفاجی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاندووە، وەرزی یاسادانی لە 9ـی تشرینی دووەمی 2024 کۆتایی پێ دێت، بەڵام لەسەر بنەمای ماددەی 58ـی دەستووری عێراق تەمەنی یاسادانان درێژ کراوەتەوە.

هەروەها ئاماژەی داوە، درێژکردنەوەی وەرزی یاسادانان دەبێت لەسەر داوای سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیران، سەرۆکی پەرلەمان یان لە لایەن 50 پەرلەمانتارەوە بێت و بۆ پەسەندکردنی داواکارییەکەش دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران بە دەست بهێنێت.

بە گوتەی خەفاجی درێژکردنەوەی وەرزی یاسادانان دەبێت بۆ ڕێکخستنەوەی کاری پەرلەمان و تێپەڕاندنی ئەو پرۆژە یاسایەنە بێت، کە لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جار لە کۆبوونەوەکاندا دواخراون یان نەخراوەنه‌تە نێو کارنامەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان، جیا لەمەش دەبێت دەرفەتێک بێت بۆ ئەوەی حکوومەت بەر له‌ کۆتایی ئەم ساڵ، پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2025 ڕەوانەی پەرلەمان بکات.