ئایدن مەعرووف: پێکهاتەکان پێشنیازی زیادکردنی کورسیی پەرلەمان دەکەن

ئایدن مەعرووف، وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری پێكهاته‌كان
ئایدن مەعرووف، وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری پێكهاته‌كان

وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری پێكهاته‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام پاڵپشتی مافی پێكهاته‌كانی كردووه‌؛ ده‌شڵێت، دوای ده‌ستبه‌كاربوونی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشنیازی زیادكردنی كورسیی پێكهاته‌كان ده‌كه‌ن.

پێنجشه‌ممه‌، 7ـی تشرینی 2024، ئایدن مه‌عرووف، وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری پێكهاته‌كان تایبه‌ت به‌ كوردستان24 گوتی: دوای كه‌مكردنه‌وه‌ی كورسیی كۆتاكان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ 11 كورسییه‌وه‌ بۆ پێنج كورسی به‌ بڕیاری دادگه‌ی فیدراڵی، پێشنیازیان كردووه‌ بۆ زیادكردنی كورسی دیكه‌ بۆ پێكهاته‌كان.

ئایدن مه‌عرووف ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، دابه‌شكردنی كورسیی كۆتاكان یان پێكهاته‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای جوگرافی هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ بوو كرا، چونكه‌ به‌بێ ڕاوێژی پێكهاته‌كان جێبه‌جێ كرا.

ناوبراو گوتیشی: پێنج كورسیی كۆتا بۆ پێكهاته‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌یه‌كی كه‌مه‌، بۆیه‌ ئه‌وان وه‌كوو پێكهاته‌كان دوای ده‌ستبه‌كاربوونی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشنیازی زیادكردنی كورسیی پێكهاته‌كان ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌ ڕێگه‌ی یاساوه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك كورسیی پێكهاته‌كان بكرێته‌ 15 كورسی، یازده‌یان بۆ پێكهاته‌ی نه‌ته‌وه‌یی و چواریشیان بۆ پێكهاته‌ی ئایینی و ئایینزاكان، بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی چالاكتر و فره‌وانتر به‌شداری پرۆسه‌ی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.

وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری پێكهاته‌كان، جه‌ختیشی كرده‌وه‌، پێكه‌وه‌ژیانی نێوان پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئایینییه‌كان بووه‌ته‌ ڕووخساری هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش به‌رده‌وام پاڵپشتی مافه‌كانیانی كردوون.