پوتین پیرۆزبایی لە ترەمپ دەکات

زیلینسکی:سازش کردن بۆ کرملین لەپێناو  وەستاندنی هێرشەکەی بۆ سەر ئۆکرانیا، لە ئەوروپا قبوڵ ناکرێت

ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا
ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا

ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا دەڵێت: بە دەرفەتی دەزانم پیرۆزبایی خۆم لە سەرۆکی نوێی ئەمریکا بکەم  بەبۆنەی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکان.

پێنجشەممە 7ـی تشرینی دووەمی 2024، ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی ڕووسیا گوتی: لەگەڵ هەر سەرۆکێک کاردەکەین کە گەلی ئەمریکا متمانەی پێدەدات، ئەمە لە باری کرداریشدا وا دەبێت.

ئەم لێدوانەی پوتین دوای وتارێک هات لە کۆنفرانسێکی کۆڕبەندی نێودەوڵەتی لە سەیرانگەی سوچی لەسەر دەریای ڕەش.

پوتین لە دانیشتنێکی پرسیار و وەڵامدا گوتی "دەمەوێت ئەم دەرفەتە بقۆزمەوە و پیرۆزبایی لە دۆناڵد ترەمپ بکەم بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا."

سەرۆکی ڕووسیا ئاماژەی بەوە کرد کە، ئامادەیە لەگەڵ ترەمپ قسە بکات، جەختی لەوەش کردەوە کە پێویستە ئەولەویەت بدرێت بە خواستی گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕوسیا و کارکردن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا.

لە سەرووبەندی وتەکانی ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی رووسیا، سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی پێنجشەممە 7ـی تشرینی دووەمی 2024،گوتی: سازش کردن بۆ کرملین لەپێناو  وەستاندنی هێرشەکەی بۆ سەر ئۆکرانیا، لە ئەوروپا قبوڵ ناکرێت.

دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند کە، لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، کیێڤ هەوڵەکانی چڕکردۆتەوە بۆ زیادکردنی فشارەکان لەسەر هاوپەیمانەکانی بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی زیاتر لە شەڕی دژی ڕووسیا.

زیاتر لە جارێک، دۆناڵد ترەمپ شانازی بە توانای خۆی کردووە بەوەی، لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا کۆتایی بە ململانێی ئۆکرانیا بهێنێت و ڕەخنەی لە پشتیوانیی ئەمەریکا بۆ کیێڤ گرتووە.

ئۆکرانیا و وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوا دەترسن لەوەی هەر پرۆژەیەکی چارەسەر، کرملین بەهێزتر بکات و دەستدرێژییەکانی فراوانتر بکات.

لە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا لە بوداپێست، زیلینسکی ڕەخنەی توندی لەو کەسانە گرت کە فشاریان خستە سەر بۆ ئەوەی ملکەچی هەندێک لە مەرجە سەختەکانی پوتین بێت.