لەسەرەتای ئەمساڵەوە نزیکەی 700 بازرگانی ماددەهۆشبەرەکان دەستگیرکراون

لە  سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا زیاتر لە هەزار و 311 تۆمەتبار بە ماددەی ھۆشبەر دەستگیر کراون و لەو ژمارەیەش 698 یان بازرگانیان بە ماددەی هۆشبەرەوە کردووە و بری 444 کیلۆ گرام ماددەی هۆشبەریش دەستی بەسەردا گیراوە.

ئەرکان عومەر، گوتەبێژی بەرێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەر دەڵێت: "زۆر بەچڕی کارمان کردووە، شەو و ڕۆژ  هەوڵمانداوە تاوەکوو نەهێڵین هەرێمی کوردستان ببێتە شوێنێک بۆ ساغ کردنەوەی ماددەی هۆشبەر".

بازرگانان دەیانەوێت هەرێمی کوردستان بکەنە ناوەندێک بۆ بڵاو کردنەوەی ماددەی هۆشبەر، یاخوود بیکەنە دەروازەیەک بۆ گواستنەوە ماددە هۆشبەرەکان بۆ وڵاتانی دیکە، بەڵام تێیدا سەرکەوتوو نەبوون و بەردەوام تۆرەکانیان لەلایەن بەرێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستگیرکراون، بەردەوامیش بەهەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی عێراق  باندەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەستگیر کراون.

سەرمەند بەرزنجی، چالاکوانی ڕووبەرووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "یەکێک لەسەرچاوەکانی ماددەی هۆشبەر، بەتایبەتی ئەوانەی لە ئێرانەوە دێننە قەلادزێ و ڕانیە و سنوورەکە، کە بەداخەوە ئێستا بووەتە ناوچەیەکی تەواوی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر، پاشان دەهێندرێت بۆ دەربەندیخان، لەوێشەوە وەکو سەرچاوەیەکی دیکە کاری لەسەر دەکرێت و دەگوازرێتەوە بۆ وڵاتانی دیکە".

گوتیشی: "سەرچاوەکەی تر پارتی کرێکارانی کوردستان 'پەکەکە'یە لە شنگالەوە دەباتە سووریا و لەویشەوە هەناردەی وڵاتانی دیکەی دەکات، ئەو دوو هێڵەش ئاشکرایە کە کێ تێیدا حوکمڕانی دەکات". 

بەگوێرەی ئاماری بەرێوبەریاتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە 11 مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، هەزار و 311 تۆمەتبار دەستگیر کراون، لەو ژمارەیەش 698 یان بازرگانیان بە ماددەی هۆشبەرەوە کردووە یاخوود کڕین و فرۆشتنیان پێوە کردووە، لە چالاکیەکاندا بری 444 کیلۆ گرام ماددەی هۆشبەریش دەستی بەسەردا گیراوە لەگەڵ 45 کیلۆگرام حەبی هۆشبەری فەل و 29 هەزارو 400 شیت حەبی هۆشبەر.