لە مانگێکدا 159 سکاڵا لەسەر موەلیدەکان تۆمارکراوە
بەهۆی ژاوەژاو و دووکەڵی موەلیدەی گەڕەکەکان، تەنیا لە ماوەی مانگێکدا لە هەولێر 159 سکاڵا لەلایەن هاووڵاتیانەوە لەسەر موەلیدەکان تۆمار کراوە.
عەبدوڵرەزاق خەیلانی، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی گوت: "هۆی سکاڵاکان ئەوەیە موەلیدەکان پابەندی ڕێنماییەکان نەبوون، کە ئەبێت بێدەنگ واتە 'کاتم' بێت، هەروەها نابێت دووکەڵیشان هەبێت، واتە بەهۆی ئەو سەرپێچییانەیە خەڵک بێزار بووە و سکاڵا دەکەن".
گوتیشی: کاتێک خەڵک بێزا دەبن دێنە لای ئێمە، ئێمەش ناچارین تیمەکانی پشکنین و بەدواداچوون بنێرین، تاوەکوو خاوەن موەلیدەکان ئاگادار بکەنەوە، کە دەبێت لە ماوەی 10 ڕۆژدا سەرپێچییەکان چارە بکات، بە پێچەوانەوە سزا دەدرێت".
دوای نیوەڕۆی پێنجشەممە، 17ـی تشرینی یەکەمی 2024، لە سەردانێکیدا بۆ گەڕەکی شادی لە شاری هەولێر، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند، ئامانج لە پرۆژەکە دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە بۆ سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.
هەر ئەو کات سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "جگە لە گەڕەکی شادی، کە وەکوو یەکەم گەڕەکی هەولێر بۆ قۆناغی ئەزموونی پڕۆژەکە پێشنیار کرا، لە قۆناغی دووەم و جێبەجێکردنی سەرتاسەری پڕۆژەکەدا، بۆ ڕۆژی دواتر (گەڕەکی نازناز) و پاشانیش (گەڕەکی بەختیاری) دەچنە سەر کارەبای 24 کاتژمێری".