تورکیا و یۆنان بازرگانی دەکەنە هەوێنی ئاشتی
وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و یۆنان ڕێککەوتوون، بە پەرەپێدانی بازرگانی و گەڕان بەدوای خاڵی هاوبەش، کۆتایی بەو ناکۆکییە درێژخایەنەی نێوان وڵاتەکانیان بێنن.
دوای کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و یۆنان لە ئەسینا، جۆرج گیراپتریتیس، وەزیری دەرەوەی یۆنان لە کۆنفرانسێکی هاوبەشی ڕۆژنامەوانیدا گوتی" ویستی خۆمان دووپاتکردووتەوە بۆ پاراستنی ئەم کەشە لە بارەی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان ڕەخساوە".
هەروا هاکان فیدان گوتی"من لەو باوەڕەدام دەتوانین بە ڕێزگرتن و لەسەر بنەمای یاسای نێودەوڵەتییەکان، ناکۆکییەکانمان لەگەڵ یۆنانی دراوسێ چارە بکەین."
لە مانگی کانوونی یەکەمی ڕابردوودا، یۆنان و تورکیا دانووستانی باڵایان بۆ نەهێشتنی ئاڵۆزی و گرژییەکانی نێوانیان دەستپێکرد، ئەمەش دوای ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەوەی سەرۆک کۆماری تورکیا لە دوای شەش ساڵ سەردانی ئەسینای کردەوە.
کرۆکی ناکۆکییەکانی تورکیا – یۆنان:
- دابەشبوونی قوبرس کە بۆ ساڵی 1974 دەگەڕێتەوە.
- تۆمەتبارکردنی یۆنان بە پڕ چەک کردنی دوورگەکانی دەریای ئیجە.
- فشارەکانی یۆنان بۆ پێنەدانی فڕۆکەی F-35 لەلایەن ئەمەریکاوە.
- نیگەرانییەکانی تورکیا لە هەماهەنگی سەربازی ئەمەریکا لەگەڵ یۆنان.
- پرسی کۆچبەرانی نایاسایی و پابەند نەبوونی تورکیا بە ڕێککەوتنەکانی ڕێگری لە کۆچی نایاسایی.
سەرەڕای ناکۆکییەکانی تورکیا و یۆنان، بەڵام هەردوو وڵات لە هەوڵی پەرەپێدانی کەرتی بازرگانی نێوانیاندا و نیازیانوایە قەبارەکەی بۆ 10 ملیار دۆلاری ساڵانە بەرز بکەنەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بە گوێرەی ئامارەکان قەبارەی بازرگانیی نێوانیان بۆ ساڵی ڕابردوو هەشت ملیار دۆلار بووە.