ئەردۆغان: هەر کەسێک ئەو کورسییەی کە بە هەڵبژاردن بەدەستی هێناوە قۆرخی بکات، باجەکەی دەدات
سەرۆک کۆماری تورکیا پاڵپشتیی خۆی بۆ دانانی قەیوم ڕاگەیاند و گوتی: تیرۆر و دیموکراسی لە یەک کورسیدا جێگەی نابێتەوە.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا دوای گەڕانەوەی لە هەنگاریا لەبارەی سەپاندنی قەیوم بەسەر شارەوانییەکانی جەهەپە و دەم پارتی ڕایگەیاند، هەر کەسێک ئەو کورسییەی کە بە هەڵبژاردن بەدەستی هێناوە قۆرخی بکات، باجەکەشی دەدات.
گوتیشی: دەستخۆشیی لە دادوەری تورکیا دەکەم چونکە ئەرکێکی قورسیان لەسەرە. باسی لەوەشکرد، ئەوانەی هەڵبژێردراون مافی ئەوەیان نییە دەست لەناو دەستی تیرۆر دابنێن چونکە تیرۆر و سیاسەتی مەدەنی لەهەمان کورسیی جێگەیان نابێتەوە.
سەرۆک کۆماری تورکیا ڕاشیگەیاند، رێگە نادەن تواناکانی خەڵک بدرێتە بازرگانانی تیرۆر لە قەندیل و ئەورووپا، هەروەها چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانن و، ناکرێت ئۆپۆزیسیۆن فشار بخاتە سەر دادگاکان.
بڕیاری حکوومەتی تورکیا بۆ دوورخستنەوەی سەرۆک شارەوانییەکان
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بڕیاری دا بە دوورخستنەوەی سەرۆکی شارەوانییەکانی مێردین، باتمان و خەلفەتی و دانانی قەیومی لە شوێنەکانیان.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، ئەحمەد تورک، سەرۆکی شارەوانیی مێردین بەهۆی ئەو سزایەی بۆ دەرکراوە لەسەر دۆسیەی کۆبانێ کە 10 ساڵ زیندانیکردنە، لە ئەرکەکەی دوورخراوەتەوە و تونجای ئاککۆیون، پارێزگاری مێردین بە وەکالەت، سەرۆکی شارەوانیی بە قەیوم بەڕێوە دەبات.