جیرۆزالیم پۆست: قەتەر چیتر پێشوازیی لە سەرکردەکانی حەماس ناکات

لۆگۆی ئاڵاکانی قەتەر و حەماس
لۆگۆی ئاڵاکانی قەتەر و حەماس

ڕۆژنامەی جیرۆزالیم پۆستی ئیسرائیلی بڵاویکردووتەوە، حکوومەتی قەتەر سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماسی ئاگەدار کردووتەوە لەمەودوا ئامادە نییە پێشوازییان لێ بکات و داڵدەیان بدات.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنامە ئیسرائیلییەکە، کە ئەمڕۆ هەینی 8ـی تشرینی دووەمی 2024 بڵاویکردووتەوە، حکوومەتی قەتەر بە ڕوونی و ڕاشکاوانە بە سەرکردەکانی حەماسی گوتووە "ئیتر قەتەر پێشوازیتان لێ ناکات". هۆکارەکەشی پەیوەندی بە چارەنووس و ئازاد نەکردنی بارمتە ڕفێندراوەکانی 7ی ئۆکتۆبەری 2023یە، کە تاوەکوو ئێستا لە دەستی چەکدارانی حەماس دان و لە دانووستانەکانیشدا هیچ نەرمییەکیان لەسەر ئازادکردنی بارمتەکان نەنواندووە.

لە لایەکی دیکە، دەستەی پەخشی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، سەرکردەکانی حەماس لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە بڕیارەکەی حکوومەتی قەتەر ئاگادار کراونەتەوە.

قەتەر وەک وڵاتێکی نێوەندگیر تاوەکوو ئێستا چەندینجار میوانداری دانووستانەکانی ئاگربەستی شەڕی غەززەی کردووە، بەڵام دانووستانەکانی دەوحە و قاهیرە بۆ ڕاگرتنی شەڕ بێ ئەنجام بوون.