باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق: سەرسامی خەباتی کوردم و بژی کوردستان
فوتۆشی ماتسومۆتۆ، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 سەرسامی خۆی بۆ خەباتی کورد دەردەبڕێت و دەڵێ: ئەم سەرکەوتنەتان پیرۆز و بژی کوردستان.
باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق باسی سەردانەکەی بۆ دەڤەری بارزان و خوێندنەوەی بۆ خەباتی ڕزگاریخوازی کوردستان دەکات و دەڵێ: " بۆ یەکەمجار سەردانی مۆزەخانەی بارزانیم کرد لە دەڤەری بارزان و زۆر شت لەبارەی مێژووی بزووتنەوەی سیاسی کورد فێربووم، کە زیاتر لە 100 ساڵی خایاندووە، سەرسامی خەباتی کورد بووم و ڕێگەیەکی دوورتان بڕی تا گەیشتوونەتە ئەم خۆشگوزەرانییەی ئێستا؛ پیرۆزباییتان لێدەکەم بۆ ئەم سەرکەوتنەتان و ئەمە لە هزری مندا دەمێنێتەوە و بژی کوردستان."
هەروەها سەبارەت بە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە 20ی مانگی ڕابردوو لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، فوتۆشی ماتسومۆتۆ گوتی:"پیرۆزبایی دەکەم لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هەموو لایەک پشوودرێژی خۆیان دەردەخەن و هیوخوازن بۆ دانووستانی سیاسیی ئاشتییانە لە چەند مانگی داهاتوودا تا حکوومەتێکی نوێ دابمەزرێنن".
گوتیشی: "لەپێناو گەشە و بەرەوپێشچوونی هەرێمی کوردستان، هیواخوازم خەڵکی هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی سیاسی سەقامگیردابن."