جومانە غەلای: وەڵامی 28 تانە لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردن ڕەوانەی ئەنجوومەنی دادوەریی کران

جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت: لە کۆی 41 تانە، کۆمیسیۆن وەڵامی 28 تانەی سەبارەت بە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی ڕەوانەی ئەنجوومەنی دادوەریی کردووە.

هەینی 8ـی تشرینی دووەمی 2024، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەو تانانەی کە ماونەتەوە، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە ماوەی حەوت ڕۆژدا کاریان لەسەر دەکات بە مەبەستی ئامادەکردنی وەڵامەکان و ناردنی بۆ ئەنجوومەنی دادوەریی هەڵبژاردنەکان.

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دەڵێت: لە کۆی 41 تانەی پێشکەشکراو، کۆمیسیۆن وەڵامی 28 تانەی سەبارەت بە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی ڕەوانەی ئەنجوومەنی دادوەریی کردووە.

دوای یەکلاکردنەوەی تانەکان، کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامە فەرمییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەسەند دەکات.

پێنجشەممە، 31ی تشرینی یەکەمی 2024، کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دەرگای تانەدان لە ئەنجامەکانی کۆتایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی کردەوە، بۆ ئەوەی هەر لیسی و کاندیدێک کە بە ئەنجامەکان ڕازی نییە، بتوانێت لەو ماوەیەی دیاری کراوە، تانە لە ئەنجامەکان بدات.

ڕۆژی هەینی، 18ـی تشرینی یەکەم، دەنگدانی تایبەت و ڕۆژی یەکشەممەش، 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە چوو. بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تێکڕا نزیکەی 70%ـی دەنگدەران بەشدارییان لە هەردوو دەنگدانەکەدا کردووە.