قاچاخچییەکی کورد لە بەریتانیا سزای 17 ساڵ زیندانی بۆ دەرکرا
دادگای پیترسۆن کڕاون لە لانکشایەری بەریتانیا ئەمڕۆ هەینی 8ی تشرینی دووەمی 2024، قاچاخچییەکی کورد بە ناوی ئامانج حەسەن زادە تەمەن 34 ساڵ، لەسەر دۆسیەی قاچاخچێتی و بازرگانی کردن بە مرۆڤ بە 17 ساڵ زیندانی سزادا.
پێگەی هەواڵی زە تەلەگرافی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، ئەو قاچاخچییە لە بەریتانیا خۆی بە ئێرانی ناساندووە، بەڵام لە بنەڕەتدا خەڵکی هەرێمی کوردستانە و پێشتر دانیشتووی شارۆچکەی سەنگەسەر بووە لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین، دوای دەستگیرکردنی لەلایەن پۆلیسی ئینتەرپولەوە لەسەر دۆسیەی قاچاخچێتی و بازرگانی کردن بە مرۆڤ ڕەوانەی دادگا کراوە.
ئەو قاچاخچییە کۆچبەرانی لە کەناڵی ئینگلیزەوە گواستووەتەوە بەریتانیا و کاری قاچاخچێتی لە ماڵەکەی خۆیەوە لە ناوچەی لانکشایەری بەریتانیا لەڕێی تۆڕە کۆمەڵایاتییەکانەوە بەڕێوە بردووە. زۆرجار ڤیدیۆی ئەو کۆچبەرانەشی بڵاوکردووەتەوە کە پەڕاندونییەتەوە ناو بەریتانیا، لە گرتە ڤیدیۆکاندا داوای لە کۆچبەرەکان کردووە سوپاسی بکەن.
لە یەکێک لەو گرتە ڤیدیۆیانەی بڵاوبووەتەوە، کە تۆمارکردنەکەی بۆ 2021 دەگەڕێتەوە، ئامانج لە دانیشتنێکی بەندبیژیدا دەردەکەوێت. بەندبێژەکە بەسەریدا هەڵدەدات و بە باشترین قاچاخچی ناوی دەهێنێت و دەڵێت، "هەموو قاچاخچییەکانی تر لەو فێربوون." ئەم گرتە ڤیدیۆیەش بووەتە یەکێک لەو بەڵگانەی دەستی پۆلیسی بەریتانیا بۆ دۆزینەوەی و و دەستگیرکردنی.
دوای ئەوە، پۆلیسی بەریتانیا لە هەوڵەکانیاندا توانیان ئەو گفتوگۆیانە تۆمار بکەن کە لەگەڵ قاچاخچییەکانی دیکەدا کردبوونی، کە باسیان لە چۆنێتی گواستنەوەی کۆچبەران و شوێنی پەڕینەوەی کردووە.
دوای دەستگیرکردنی قاچاخچیەکە لە مانگی ئایاردا، دەست بەسەر مۆبایلەکەشیدا گیرا، کە ژمارەیەک ئەکاونتی سۆشیال میدیای هەبووە بۆ کاری قاچاخچیەتی.
دەرکردنی بڕیارەکەی دادگا لە دژی ئەو قاچاخچییە لە کاتێکدایە کە هەر ئەمڕۆ وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ڕایگەیاند، دوێنێ پێنجشەممە 133 کۆچبەری نایاسایی بە بەلەم پەڕیونەتەوە بەریتانیا.
هەروەها لە سێشەممە و چوارشەممەدا، تەرمی چوار کۆچبەر لە کەناراوەکانی کالێس دۆزرانەونەتەوە و تەرمێکی دیکەش لە کەناڵەکانی نزیک شارۆچکەی دۆڤەرەوە دۆزراوەتەوە.