سوودانی و ترەمپ بە تەلەفۆن قسەیان کرد
ترەمپ بۆ سوودانی: بەم نزیکانە دەتبینم
محەممەد شییاع سوودانی سەرۆک وەزیران بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا کرد و هەردوولا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە پەیوەندییەکانی بەغدا و واشنتن دەبێت لایەنی ئەمنی تێپەڕێت و بایەخی زیاتر بە بوارەکانی ئابووری، دارایی، وزە و تەکنەلۆجیا بدەن.
نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە "لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سوودانی پیرۆزبایی سەرکەوتن و بەدەستهێنانی متمانەی زۆرینەی خەڵکی ئەمەریکای لە ترەمپ لێ کردووە و هەردوولا جەختیان لە بەرەو پێشبردن و بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کردووەتەوە، بەشێوەیەک کە لە لایەنی ئەمنی تێپەڕێت و بایەخی زیاتر بە پەیوەندییەکانیان لە بوارەکانی ئابووری، دارایی، وزە و تەکنەلۆجیا بدەن."
سوودانی ئاماژەی بە بەڵێنەکانی ترەمپ کردووە کە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا لە بارەی کۆتایی هێنان بە شەڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داویەتی، بۆ ئەمەش ئامادەیی حکوومەتی عێراقی دەربڕیوە بۆ کاری هاوبەش لەگەڵ ئەمەریکا تاوەکوو هەنگاوەی جیددی لەمبارەوە بنێن.
هەر بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە "دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا خواستی خۆی بۆ دیداری لەگەڵ سوودانی دەربڕیوە و پێی گوتووە: "بەم نزیکانە بە مەبەستی فراوانترکردنی پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمەریکا و کارکردن لەسەر پرس و دۆسییە هاوبەشەکان گفتوگۆ دەکەن."