ڕێگریی لە کاڵاکانی هەرێمی کوردستان بۆ خوارو و ناوەڕاستی عێراق دەکرێت
سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەولێر ڕایگەیاند "نووسراوێکی کراوەیان ئاراستەی محەممەد شییاع سوودانی کردووە دەربارەی ئەو کاڵایانەی هەرێمی کوردستان، کە لە بازگەکانی عێراق ڕێگرییان لێ دەکرێت."
شەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2024، گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند "بەهۆی نیگەرانیی خەڵکی کوردستان و زۆرێک لە بازرگانەکان، نووسراوێکی کراوەمان بۆ محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق نارد سەبارەت بەو هەڵسوکەوتەی لە بازگەکان بەرامبەر ئەو کاڵایانەی کە هەناردە دەکرێن بۆ خواروو ناوەراستی عێراق کە ئەوە پێچەوانەی ماددەی 24ـی دەستووری عێراقە."
سەرۆکی ژووری بازرگانی دەڵێت: "یەکێک لە بابەتەکان کە لە نووسراوەکەدا ئاماژەی پێ کراوە، دەربارەی ئەو ڕێگرییانەیە کە لە بازگەکاندا بەرامبەر بەو کاڵاکانی کە لە دەرەوەی وڵاتەوە هاوردە دەکرێن و دەنێردرێنە باشوور و ناوەڕاستی عێراق، کاڵاکان دەبێت بە ماوەی 72 کاتژمێر بازگەکانی حکوومەتی ناوەندی ببڕێت، ئەگەرنا ناهێڵن هیچ کاڵایەک هەناردە بکرێت."
دەشڵێت: "بابەتی دووەم بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی کوردستانە، هەندێک لە کارگەکانی ئێمە لەوێ تۆمار نەکراون، ناهێڵن کاڵاکان بچێتە ناوەڕاست و خوارووی عێراق و هەندێکیش لە بازگەکان فێربوون ئەو هەلە دەقۆزنەوە و باج وەردەگرن بۆ ڕێگەدان بە چوونەژوورەوەی کاڵاکان."
سەرۆکی ژووری بازرگانی ئاماژەی بەوەش دا "ئەو ڕەفتارە ئازادی هەناردەکردنی کەلووپەلی لە ناو عێراقدا ناهێڵێت، دەبێت ئەو ئازادییە دابین بکرێت نەک ڕێگری لێ بکرێت، ئەو جۆرە هەڵسوکەوتە کاریگەری دەکاتە سەر ئابووری هەموو عێراق بە گشتیی نەک تەنها هەرێمی کوردستان."
گەیلان حاجی سەعید ڕاشیگەیاند "بەشێکی زۆری بازرگانەکان کە لە سنووری ئیبراهیم خەلیل کا ردەکەن، بازرگانی عەرەبن و هی خواروو ناوەڕاستی عێراقن، هەموو کاڵاکان بۆ کوردستان نییە بۆ هەموو پارێزگاکانی عێراقە، کەواتە ڕێگریی لەو کاڵایانە کاریگەریی لەسەر ئەوانیش دروست دەکات بە هەر شێوەیەک بێت، بەڵام وادیارە هۆیەکی سیاسی لە پشتە، مەبەست لەوە کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستانە بە هەر شێوەیەک بێت."